باخچەلی سوپاسی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەکات بۆ بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە

سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا لەبارەی چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە ڕایگەیاند: سوپاسی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرۆکی پەکەکە دەکەم کە بەرپرسیارێتییێکی مێژوویی بۆ بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی لە ئەستۆ گرت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لە هەژماری فەرمیی پارتەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند: ''هیوادارم ئەو پەڕە خوێناوییەی بۆ ماوەی ۴۷ ساڵ بە ناپاکی نووسرا، دابخرێت و جارێکی دیکە نەکرێتەوە".

سەرۆکی مەهەپە دەڵێت: ''پارتەکەمان و هاوپەیمانی جمهوور هیچ کاتێک هەنگاویان بەرەو دواوە نەناوە، هەروەها ئیمراڵی (ئۆجەلان) و دەم پارتی زۆر بە وردی خوێندنەوەیان بۆ مەترسییەکانی سەر وڵاتەکەمان کرد".

باخچەلی پێیوایە، بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، ئامانجی یەکەمی سەت ساڵەی تورکیا بووە؛ گوتیشی: '' ئەمڕۆ ئاشتی و برایەتی براوە بوون، ئەمڕۆ سیاسەت و دیموکراسی براوە بوون''.

باخچەلی هەروەها سوپاسی کۆچکردوو، سری سورەییا ئۆندەر، بریکاری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و هاوسەرۆک و بەرپرسانی دەم پارتی کرد بەوەی، هەوڵیان بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری داوە.

سەرۆکی مەهەپە هەروەها دەڵێت: ''سوپاسی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، دامەزرێنەر و سەرۆکی پەکەکە دەکەم کە بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی بۆ بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی ۲۷ شوباتی لە ئەستۆ گرت. سوپاسی ئەو شاندانە دەکەم کە گفتوگۆ و کۆبوونەوەیان لە نێوان ئیمراڵی - دەم پارتی و قەندیل کردووە".

باخچەلی جەختی کردەوە، وێڕای ئەو هەموو شەڕ و پێکدادانەی سوپای تورکیا و پەکەکە، برایەتیی کورد و تورک تەگەرەی تێنەکەوتووە. دەشڵێت: ''تورک و کورد هەر لە سەرەتاوە یەکگرتوو و تەبا بوون. هیچ سیناریۆ، ناپاکی و بەڵایێکی دەرەکی و نێوخۆ ناتوانێت ئەم تەباییە تێکبدات".

باخچەلی لەبارەی رێکارەکانی دانانی چەکەکان لەلایەن پەکەکەوە دەڵێت: ''لە کوێی دادەنێن؟ کەی دایدەنێن؟ بە چ مەرجێک دایدەنێن؟ لە چوارچێوەی چ سنوور و پێوەرێک دایدەنێن؟ ئایا ئەمانە چۆن و لەژێر چاودێریی کێ دەکرێن؟ دەبێت گفتوگۆ لەبارەی ئەم بابەتانەوە بکرێت".

باخچەلی هەر لەمبارەیەوە گوتی: ''ئەگەری گواستنەوە لە پەکەکەی هەڵوەشاوەوە بۆ پەیەدە/یەپەگە، بە چ شێوازێک و چۆن چاودێرییێک دەبێت؟ ئەو ڕێکارانەی لەبارەی سەرکردەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکەوە دەگیرێنەبەر، لە چ سنوورێکدا دەبن؟ دەبێت تاوتوێی ئەمانە بکرێت".

باخچەلی باسی هەنگاوەکانی دوای چەکدانانی پەکەکەی کرد و وتی: ''دەبێت ئەو هەنگاوانە تاوتوێ بکرێن کە بۆ بەهێزکردنی سیاسەتی سڤیل و چاکسازی سیاسی و یاسایی دەنرێن. هەروەها دەبێت گفتوگۆ لەبارەی ئەو هەنگاوە ستراتیژی و یاساییانەش بکرێت، کە برایەتیی هەزار ساڵە بەهێزتر دەکات''.

News Code 225403

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha