بۆ چارەسەریی پرسی کورد، دەبێت پڕۆسەی چارەسەر بە ڕاشکاوی بخرێتە بەردەم ڕای گشتی

ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ، سەرۆکی گەورەی شارەوانی ئیستەنبووڵ کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیر کراوە، بەیەننامەیێکی لەبارەی چەک دانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان بڵاو کردەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە بەیاننامەکەی ئیمامئۆغڵۆدا هاتووە: رێکخراوی پەکەکە بڕیاری دا خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەکەکانی دابنێت،  زۆر دڵخۆشم، کە سەردەمێک کە گیانی گەنجەکانمان و دەیان هەزار هاوڵاتی تورک و کوردمان بەفیڕۆدا،  کە داهات و سەرچاوە داراییەکانمانی لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا وشک کرد، خەریکە کۆتایی دێت.

ناوبراو دەشڵێت: کاتی قسەکردن و دیالۆگ و سیاسەت و کردار هاتووە، دەبێت لە ناوخۆ و دەرەوەدا بجووڵێین بۆ ئەوەی نەگەڕێینەوە بۆ ئەو ڕۆژە خراپانە.

ئەکرەم ئیمامئۆغڵۆ وتیشی: پێویستە رێوشوێنی یاسایی لە کۆمەڵێک  بواری بەرفراواندا بگرینەبەر، لە تەواوکردنی پرۆسەی داماڵینی چەک بەشێوەیەکی نەرمونیان تا دانپێدانان بە مافەکانی هاوڵاتیانمان وەک ئەندامی یەکسان لە کۆماری تورکیادا.

ناوبراو پێیوایە: پرۆسەیێکی وەها گەورەو گرنگ سەرناگرێت بە دیداری داخراوی چەند سیاسەتمەدارێک، وەک ئەوەی حکوومەت بەدوایدا دەگەڕێت، بەبێ پشتیوانی و رەزامەندی کۆمەڵگا، بەبێ بەشداریکردنی کەسانی شارەزا و بەبێ بوونی لانی کەمی مەرجی دیموکراسی وەک ئازادی رادەربڕین و رێکخستن.

ناوبراو جەخت دەکاتەوە: جارێکی تریش دەڵێم، پرۆسەیەکی وەها بەرفراوان و گرنگ بە دیدێکی کورتخایەن بەدینایەت، کە لەسەر بنەمای رزگارکردنی دۆخەکە و سەرکەوتن بێت لە هەڵبژاردنەکان و چاوپۆشی لە رەهەندی هەرێمایەتی مەسەلەکە بکات.

سەرۆکی گەورەی شارەوانی ئیستەنبووڵ دەڵێت پێویستە بۆ تەواوکردنی پرۆسەکە، دیبەیتێکی گشتی لە ئەنجومەنی گەورەی نیشتمانی تورکیادا بکرێتەوە، دواتر لیژنەیەک بە بەشداریی هەموو لایەنەکان کە نوێنەرایەتیان هەیە لە پەرلەمان پێکبهێنرێت بۆ تاوتوێکردنی ئەم بابەتە.

ناوبراو وتیشی: چل ساڵ ئازار، هۆکاری رەگداکوتاوی هەیە، هەندێکیان لە هەڵسوکەتەکانی دەوڵەتەکەمانەوە سەرچاوە دەگرن، پێویستە بزانین ئەم بابەتە کە چل ساڵە ئازارێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، مێژوویەکی قوڵی هەیە و هۆکاری هەیە، هەندێکیان لە پراکتیزە هەڵەکانی وڵاتەکەمانەوە سەرچاوە دەگرن.

ئیمامئۆغڵۆ دەڵێت: هۆکاری سەرەکی پشت ئەم کارە ئەوەیە، ئێمە نەمانتوانی هاوڵاتی کوردی خۆمان والێبکەین هەست بەوە بکەن کە هاوڵاتی یەکسانن لە کۆمارەکەماندا،  لە ڕوانگەی ئەمنیەوە سەیری کوردمان لە دەرەوەی سنورەکانمان کردووە.

ناوبراو ڕاشیگەیاندووە: ئەگەر بتوانین وابکەین کورد هەست بە یەکسانی بکات لەگەڵ هەمووان، وڵاتەکەمان دەبێتە ئەستێرەی جەمسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

News Code 225406

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha