بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئایشەگوڵ دۆغان، لە كۆنگرەیێكی ڕۆژنامەوانیدا لە ئەنقەرە ڕایگەیاند: لە چارەسەری کێشەیێک کە لە ماوەی ۵۰ ساڵی ڕابردوودا برینی قووڵی کۆمەڵایەتی لێکەوتەوە، پەڕەیێکی نوێ کرایەوە، پەكەكە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خۆی ڕاگەیاند. ئەوە تەنها بڕیاری هەڵوەشاندنەوە نییە و پرۆسەیێکی بنیاتنانی نوێیە کە بانگهێشتی هەموان دەکات بۆ گۆڕانکاری دیموکراسی دەستپێدەکات.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش كرد: بەو بڕیارە سەردەمێکی نوێ دەستیپێکردووە، قۆناغێک کۆتایی دێت، قۆناغێکی نوێ و ئومێدبەخش دەستپێدەکات، چیتر بەربەست لەبەردەم چارەسەری دیموکراسی بۆ پرسی کورد نەماوە، پەكەكە ئەمڕۆ ڕایگەیاند کە ماڵئاوایی لە چەک دەکات، نابێت ئەم دەرفەتە گەورەیە بەفیڕۆ بدەن.
ئایشەگوڵ دۆغان دەشڵێت: هەوڵەکانی ئۆجەلان بۆ چارەسەرێکی دیموکراسی کە ساڵانێکە ئەنجامی دەدات، ئەمڕۆ بەرهەمی هەبووە. هەروەها پێشوازی لەو لێدوانانە دەکەن کە لە حکوومەتەوە دێن، لەگەڵ ئەوەشدا پێکەوە چاودێری ڕۆژانی داهاتوو دەكەن بزانن چی ڕودەدات.
ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو، وەک حزبێک ئەم بڕیارە بە دەرفەتێکی نوێ دەبینین کە لەسەر بنەمای ئاشتی و دیموکراسی و ئازادی دامەزراوە، پێویستە ئەم دەرفەتە مێژوییە بکەنە هەمیشەیی. هەروەها لەبەردەم ئەرکی بنیاتنانی کۆمارێکی دیموکراسیدان کە یاسا و سیاسەت تێیدا کار بکات، گرنگترین ناونیشان بۆ ئەوەش پەرلەمانە، پەرلەمان بەرپرسیارێتی ئەنجامدانی سوودبەخشترین کاری سەدەی لە ئەستۆدایە.
وتەبێژی دەم پارتی وتیشی: گەلی خۆشەویستی تورکیا ئێستا کاتی ئەوەیە دەنگ بدەن بە ئاشتی، بە هەموو توانایانەوە کاردەکەن بۆ ئەوەی ئەو بانگەوازە مێژوییە بێتە دی، ئاشتی چیتر خەون نییە، ئەو پرۆسەیە نە پرۆسەیێکی ئیمتیازات و نە تەسلیمبوونە، ئەم پرۆسەیە پرۆسەی دروستکردنی ئاشتییە و کۆمەڵگەی دیموکراتیکە.
Your Comment