بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕەزا ڕەحمانی لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی کۆڕبەندی سنەدا جەختی لە سەرگرنگیی پتەوکردنی دیپلۆماسیەتی سنووری و پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و ڕۆشنبیری و گەشتیارییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردەوە. ناوبراو ئاماژەی دا بە سنووری هاوبەشی ئێران لەگەڵ ئازەربایجان، تورکیا و عێراق بە درێژایی ٩٦٧ کیلۆمەتر و وتی: پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، وەک دراوسێی هەرێمی کوردستان، ڕۆڵێکی سەرەکی لە فراوانکردنی تەعامولاتی ناوچەکەدا دەگێڕێت. بە وتەی ڕەحمانی، لە ئێستادا شەش دەروازەی سنووریی چالاک لە پارێزگاکەدا هەیە، لەوانە تەمەرچین و حاجی ئۆمەران و هەوڵەکانیش بۆ کردنەوەی سنووری شنۆ بەردەوامن.
ناوبراو ئازەربایجانی ڕۆژئاوای وەکوو ناوەندێکی بازرگانی و لۆجستی وەسف کرد و ڕایگەیاند: ئەم پارێزگایە سێ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەیە و تاکە هێڵی شەمەندەفەری ئێرانە بۆ ئەورووپا. هەروەها لە بواری ژێرخانی ئابووریدا پیشەسازییە تایبەتمەندەکانی تەکنەلۆژیا و خۆراک و ئەلیکترۆنی لەو پارێزگایەدا دەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە و زیاتر لە ٣٠ ناوەندی پیشەسازیی هەیە کە ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕن لە زیاتر کردنی دەفرایەتییەکانی ئازەربایجاندا.
پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژئاوا باسیشی لە دەفرایەتیی پارێزگاکەی لە بواری گەشتیاریدا کرد، لەوان تۆمارکردنی شەش شوێنەواری جیهانی لە یونسکۆ و ۵۸ ناوچەی گەشتیاری نموونە و زیادی کرد: گەشتیاریی تەندروستی، وەک یەکێک لە بوارە سەرکەوتووەکان، لە لایەن کۆنسووڵخانەکانی هەرێمی کوردستانیشەوە پێشوازیی لێکراوە.
ناوبراو ئاماژەشی دا بە دامەزراندنی ناوچەی ئابووری تایبەت لە سەڵماس و ورمێ و ناوچەی ئازادی ماکۆ وەک گەورەترین ناوچەی ئازاد لە ئێراندا وەبیری هێنایەوە: بە بەشداریی وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و هەرێمی کوردستان ژێرخانی وەبەرهێنانی هاوبەش فراوانتر دەبن.
Your Comment