بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "دڵخۆشین دەبینین کە پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان فراوانتر دەبن بە واژۆکردنی ڕێککەوتننامەکان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان."
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژە بەوەش دەکات: "ئەم جۆرە هاوبەشییان بەرهەمهێنانی گاز لە عێراق فراوانتر دەکەن و سوود بە گەلی هەردوولامان دەگەیێنن."
لە رۆژی ۱۷ی ئەم مانگەوە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی شاندێک لە واشنتنە.
رۆژی دووشەممە، ۱۹-۰۵-۲۰۲۵ لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا لە واشنتن، بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوو گرێبەستی گەورەی لە بواری وزەدا بە بەهای زیاتر لە ۱۰۰ ملیار دۆلار، لەگەڵ دوو کۆمپانیای ناسراوی ئەمریکی، وێسترن زاگرۆس و HKN Energy، واژۆ کرد.
هەردوو کۆمپانیای وێسترن زاگرۆس و HKN Energy پێشینەی کاریان لە هەرێمی کوردستان هەیە و خاوەنی وەبەرهێنانن.
Your Comment