لێکتێگەیشتننامەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگا کوردنشینەکانی ئێران واژۆ کران

لە دووەمین ڕۆژی سێیەمین گەڕی کۆبوونەوەی هاوبەشی پارێزگارەکانی سنە، ورمێ و کرماشان و 4 پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان، 12 یاداشتی لێکتێگەیشتن لە بوارەکانی بازرگانی، گەشتیاری، زانستی و کولتووری واژۆ کران.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لە شوێنی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوە هاوبەشەکە لە شاری سنە، ئارەش لهۆنی، پارێزگاری کوردستان لە سەرەتای قسەکانیدا سوپاسی ئامادەبوونی پارێزگارانی هەرێمی کوردستان لە سێیەمین کۆبوونەوەی پارێزگاکان کرد، هەروەها دەستخۆشی لە هەوڵەکانی فەرامەرز ئەسەدی، سەرکۆنسووڵی ئێران لە هەولێر و محەممەد مەحموودیان، سەرکۆنسووڵی ئێران لە سلێمانی بۆ بەڕێوەچوون و سەرخستنی کۆبوونەوەکە لە شاری سنە کرد.

لێکتێگەیشتننامەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگا کوردنشینەکانی ئێران واژۆ کران

ئارەش لهۆنی ڕایگەیاند، بەهۆی سەردانی ساڵی ڕابردووی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئێران و دیداری لەگەڵ ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران و دواتر سەردانی مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بۆ هەرێمی کوردستان، بەڕێوەچوونی سێیەمین کۆبوونەوەی هاوبەشی پارێزگا سنوورییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان گرنگییەکی تایبەتی هەیە.

ئارەش لهۆنی وتیشی: "جیاوازییێک کە کۆبوونەوەی ئەم جارە هەیەتی ئەوەیە، ساڵی ڕابردوو سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیداری لەگەڵ رێبەری مەزن هەبوو، کە دیدارێکی زۆر گرنگ و کاریگەر بوو. دواتر بەڕێز پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران سەردانی هەولێری کرد. ئەمە رەوتێکی نوێی بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی کوردستان کردەوە. لە چوارچێوەی ئەم رەوتە نوێیەی برەودان بە پەیوەندییەکان، ئەم کۆبوونەوەیە کە لە سنە کرا و ئەمڕۆ دووەمین رۆژی بەڕێوەچوونی بووە، پلانی بۆ دانرا."

لێکتێگەیشتننامەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگا کوردنشینەکانی ئێران واژۆ کران

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پارێزگاری کوردستان پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستانی بە پەیوەندییێکی قووڵ و مێژوویی ناوبرد و رایگەیاند: "چەندین ساڵە پەیوەندی باشمان لەگەڵ یەکدی هەیە و هیوادارین دوای ئەم کۆبوونەوەیە، قۆناخێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوانمان دەستپێبکات و پەیوەندییە مێژووییەکانمان بەهێزتر بن."

سەبارەت بە کۆبوونەوەکانی رۆژی یەکەم، پارێزگاری کوردستان رایگەیاند، رۆژی سێشەممە، دوای گەیشتنی پارێزگارەکانی هەرێمی کوردستان، یەکەمین کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوانیان بەڕێوەچوو کە دوو کاژێری خایاند، جەختیشی کردەوە، نوێنەری رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە بوو و گۆتارێکی پێشکەش کرد.

لێکتێگەیشتننامەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگا کوردنشینەکانی ئێران واژۆ کران

ئارەش لهۆنی وتی: "دواتر کۆبوونەوەیێکی تایبەت لەنێوان سەرۆکی ژوورە بازرگانییەکانی هەردوولا، واتە چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان و سێ پارێزگا سنوورییەکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەروەها بەرپرسە ئابوورییەکانی ئەو پارێزگایانە و کۆمەڵێک لە چالاکڤانانی ئابووری بەڕێوەچوو. لەو کۆبوونەوەیە تایبەتەدا هەموو ئاستەنگەکان و رێکارەکانی برەودان بە پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوولا بە شێوەیەکی ورد تاوتوێ کرا و پارێزگارەکان ئەنجامی کۆبوونەوەکەیان خستەڕوو."

ئارەش لهۆنی ئەوەشی خستەڕوو، جگە لە کۆبوونەوە هاوبەشەکان، چەندین کۆبوونەوەی دووقووڵیش لەنێوان پارێزگارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوون.

پارێزگاری کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، لە دووەمین رۆژی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوە هاوبەشەکەدا چەندین لێکتێگەیشتن لەنێوان پارێزگارەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان واژۆکران.

ئارەش لهۆنی ڕاشیگەیاند: "بە دڵنیاییەوە، بەڕێوەچوونی ئەم کۆبوونەوەیە دەبێتە هۆی بەهێزتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان پارێزگا سنوورییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی کوردستان."

لێکتێگەیشتننامەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگا کوردنشینەکانی ئێران واژۆ کران

لای خۆیەوە ئۆمێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و سەرۆکی شاندی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "دوای چەندین کۆبوونەوە و دیدار لەنێوان پارێزگارەکانی سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە و هەولێر بە ئامادەبوونی ژوورە بازرگانییەکانی هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە لەگەڵ بەڕێوەبەرانی دەروازە سنوورییەکانی باشماخ و حاجی ئۆمەران-تەمەرچین، ئەمڕۆ بە خۆشحاڵییەوە چەند یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەنێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پارێزگاکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران واژۆکران."

ئۆمێد خۆشناو جەختی لە پەیوەندیی قووڵ و مێژوویی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی کوردستان کردەوە و گوتی: "هیوادارین ئەم رێککەوتن و لێکتێگەیشتنانە ببنە نەخشەرێگایەک بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان کە هەموو رەهەندەکانی کۆمەڵایەتی، ئابووری، ئایینی، سنووری، ئەمنی و کولتووری لەخۆدەگرێت."

پارێزگاری هەولێر گوتیشی: "دڵخۆشین بەو بڕگە و بابەتانەی لە رێککەوتنەکاندا ئەنجامماندان و هیوادارین ببنە هەنگاوی دیکەی گرنگ لە داهاتوودا. لە رابردووشدا ئەزموونی سەرکەوتوومان هەبووە، ئەو رێککەوتنانەی لەنێوان پارێزگارەکاندا هەبووە، بە قازانجی هاووڵاتییانی هەردوو وڵات بووە."

پارێزگاری هەولێر سوپاسی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و پارێزگای سنەی کرد بۆ رێکخستن و میوانداریکردنی سێیەمین کۆبوونەوەی هاوبەشی پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و هەرێمی کوردستان و رایگەیاند: "بڕیارە کۆبوونەوەی چوارەمی پارێزگارەکان لە هەرێمی کوردستان و لە شاری سلێمانی بەڕێوەبچێت."

بە گوتەی ئۆمێد خۆشناو، ئەمڕۆ کۆبوونەوە فەرمییەکانی نێوان هەردوولا دوای واژۆکردنی ئەو یاداشتانە تەواو دەبن؛ جەختیشی کردەوە کە "بەیانیش شاندەکەمان دەچێتە تاران و لەوێش بە دڵنیاییەوە کۆبوونەوەی گرنگمان دەبێت."

پارێزگاری هەولێر ئامادەیی پارێزگارانی هەرێمی کوردستانیشی پیشاندا بۆ هەر ئاسانکارییەک لە پەیوەندییەکان لەگەڵ سێ پارێزگاکەی رۆژهەڵاتی کوردستان و گوتی: "ئێمە جەختی لێ دەکەینەوە و خوازیاریشین. ئەوەی لە تواناماندا بێت لە هەردوولایەنەوە ئاسانکاری زیاتر دەکەین بۆ قازانجی هاووڵاتییانمان، بە تایبەتی لە بواری ئابووریدا و هیوادارین جێبەجێکردنی پرۆژەکان بە تایبەت لە رێگەوبانەکان ببێتە هۆکاری زیاتر خزمەتگەیاندن بە بازرگانان."

 

News Code 225476

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha