بەغدا لەسەر گرێبەستەکان هەرێمی کوردستان دەداتە دادگا

لەسەر گرێبەستەكانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان، وەزارەتی نەوتی عێراق؛ هەرێمی كوردستان دەداتە دادگا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لەزاری سێ سەرچاوەوە ئاشكرای كرد، وەزارەتی نەوتی عێراق سكاڵایێكی یاسایی لەسەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەرز كردوەتەوە سەبارەت بە ئەو گرێبەستانەی نەوت و غاز كە لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكییەكان ئیمزای كردووە.

سەرچاوەكان باسیان لەوەكردووە، ئەم ئاڵنگارییە یاساییە نوێترین بەربەستە كە ڕووبەڕووی هەوڵەكانی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەبیتەوە لە ڕێگەی بۆری عێراق-توركیاوە، كە لە ۲۵ی ئازاری ۲۰۲۳وە ڕاگیراوە و سەرباری فشارەكانی ئیدارەی سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ هیشتا دەستی پێنەكردوەتەوە.

هەفتەی ڕابردوو، لە چوارچێوەی سەردانەكەیدا بۆ ئەمریكا، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گرێبەستی لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای ئەمەریکی HKN  و  WesternZagrosئیمزا كرد بۆ بۆ كێڵگەكانی (میران) و (تۆپخانەو كوردەمیر).

ئەم گرێبەستانە هەر زوو ناڕەزایەتیی وەزارەتی نەوتی عێراقی بەدوای خۆیدا هێنا، ڕۆژی ۲۰ی ئەم مانگە وەزارەتی نەوت ڕایگەیاند: "ئەم ڕێکارانە پێشێل کردنی ئەو بڕیارانەیە کە لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی فیدراڵییەوە دەرچوون، کە ئاماژەی بە نایاساییبوونی ئەو گرێبەستانە کردووە لەدوای دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵی ژمارە (۵۹/ فیدراڵی ۲۰۱۲و یەكخراوەكەی ۱۱۰/ فیدراڵی ۲۰۱۹) ئیمزا كراون".

وەزارەت نەوت ئاماژە بەوە كردبوو: "سەرەڕای پێویستیی عێراق بۆ زۆركردنی وەبەرهێنانی غازو دابین کردنی خواستی ناوخۆیی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، ئەو رێوشوێنانەی حکوومەتی هەرێم گرتوویەتیەبەر، پێشێلکارییێکی ئاشکرای یاسای عێراقە و سامانی نەوت هی هەموو عێراقییەکانەو هەر وەبەرهێنانێک لەم سامانەدا دەبێت لە ڕێگەی حکوومەتی فیدراڵیەوە ئەنجام بدرێت.

بەم پێیە وەزارەت بە پشتبەستن بە دەستوری عێراق و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی پووچەڵبوونەوەی ئەو گرێبەستانە دووپات دەکاتەوە".

هێندەی نەخایاند و هەر لە ذۆژی ۲۰ی ئەم مانگەدا، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم وەڵامی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی دایەوەو ڕایگەیاند: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا جەخت لە هەموو ماف و دەسەڵاتە دەستورییەکانی خۆی دەکاتەوە وەک قەوارەیێکی فیدراڵی لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق کە بە ڕوونی ماف و تایبەتمەندییەکانی هەرێمی کوردستانی دەستنیشان کردووە، لە هەمانکاتدا دووپاتی دەکەینەوە کە ئەو دوو ڕێککەوتننامەیەی وەزارەتەکەمان لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای ئەمەریکی HKN و  WesternZagros کردوویەتی، ڕێککەوتننامە و گرێبەستی نوێ نین بەڵکوو پێش چەندین ساڵە هەن و دادگاکانی عێراقیش دانی بە یاسایی و ڕەواییان دا ناوە و هیچ کێشەیێکی یاساییان نییە و تەنیا کۆمپانیای ئەنجامدەری گرێبەستەکان گۆڕاون لە چوارچێوەی ڕێکارە یاسایی و گرێبەستییەکانی هاتوو لە ڕێکەوتننامەکان و هەردوو کۆمپانیا ئەمەریکییەکەش، چەندین ساڵە پەرە بە وەبەرهێنان دەدەن لە بواری نەوت وگاز و لە بەرهەمهێنەرە سەرەکییەکانی نەوتی هەرێمی کوردستانن و وەبەرهێنەری نوێ نین.

ئامانج لەو ڕێککەوتننامە و  گرێبەستانەش، پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆییە لە ڕێگای زیادکردنی بەرهەمی گازی سروشتیی بۆ دابین کردنی سووتەمەنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بە ئامانجی پێشکەش کردنی خزمەتگوزاریی کارەبای بەردەوام بۆ هەموو ناوچەکانی عێراق.

سەرباری ئەمەش، هێشتا حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق جەخت لەوە دەكاتەوە كە هەرێمی كوردستان مافی ئەوەی نییە گرێبەستی نەوتیی ئیمزا بكات، ئەمە لەكاتێكدایە كە هێشتا یاسای نەوت و غاز لە عێراق دەرنەچووە، كە دەبوو ساڵی ۲۰۰۵ و دوای پەسەندكردنی دەستووریی هەمیشەیی عێراق ئەم یاسایە دەربچوێندرایە و تێیدا دەسەڵاتی هەرێم و حكوومەتی فیدراڵ بەسەر سامانی نەوت و غازدا یەكلا بكرایەتەوە.

News Code 225501

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha