تاکوو ڕێگای گفتوگۆ هەبێت پەنا بۆ چەک نابەین

هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دەڵێت: تاکوو دەرفەتی دیالۆگ هەبێت، چەکەکان بێدەنگ دەبن، هەر کاتێک نکۆڵی لە مافەکانی کورد کرا، بە چەک مافەکانمان دەپارێزین.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بە کوردستان 24ی ڕاگەیاندووە: کوردستانی سووریا ئێستا لە قۆناغێکی زۆر هەستیاردایە، لە قۆناغی ئاوەدانکردنەوەیەی سووریایە، بەشداریی کورد و پێکهاتەکانی دیکە لەو قۆناغەدا زۆر گرنگە، پەیاننامەیێک ئیمزا کراوە، لە چوارچێوەی ئەو پەیماننامەیە، تەواوی پێکهاتەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەشداریی چارەسەرکردنی کێشەکان دەکەن، دوای ئەوە کۆمیتەیەک پێک دێت کە لە ڕێگەیەوە دەستووری نوێی سووریا دەنووسرێتەوە، بۆیە قۆناغێکی زۆر گرنگ و هەستیار و مێژووییە.

ناوبراو گوتیشی: پەیوەندییە ڕاستەوخۆکان لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بەردەوامە بۆ گفتوگۆکردن و چارەکردنی ئەو کێشانەی پێویستیان بە چارەسەرییە، جیاوازیمان هەیە، ئەگەر دیالۆگ هەبێت چارەسەر دەبێت و ئەو دیالۆگەش هەیە.

ئیلهام ئەحمەد گوتی: ئێستا بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر هەیە، سیستەمێکی نا ناوەندی پێویستە بۆ سووریا لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، خەڵک بە ئیرادەی خۆیان بەشداریی ئیدارەی سووریا بکەن و خۆیان ژیانی خۆیان ڕێک بخەن، گرنگە خەڵک لە دەستووری سووریا خۆی ببینێتەوە بە هەموو پێکهاتەکانەوە.

سیستەمی ناناوەندی لە سووریا

هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دەشڵێت: ئێمە دەمانەوێت لە دەستووری نوێی سووریادا، بە فەرمی دان بە گەلی کورد دابنێن وەک پێکهاتەیێکی سەرەکی لە سووریا و لەسەر خاکی خۆیدا، لەگەڵ مافی پەروەردە بە زمانی دایک، مافی بەشداری کردنی سیاسی، گوتی: دەمانەوێت ئافرەت لە دەستووری سووریادا خاوەن ماف بێت لە ناوەندە سیاسییەکان و بڕیارەکان.

ئیلهام ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد، نابێت ئەو مافانە ڕەت بکرێنەوە و نکۆڵیان لێ بکرێت، ئەو سەردەمەی ئێستا تێیداین، دەبێت فرە ڕەنگی قەبووڵ بکرێت، ئەگەر ئەوە ڕەت بکرێتەوە و هەوڵی حکوومڕانییەکی ناوەندی بدرێت، ڕێگە لەبەردەم شەڕی نوێ دەکەنەوە، ئەوەش بۆ سووریا باش نابێت.

ناوبراو دەڵێت: ئێمە نامانەوێت دەوڵەت ناوەندی بێت، چ ناوێکی لێ دەنێن بینێن، کێشەمان لەسەر ناو هێنان نییە، ئێمە دەڵێین بەڕێوەبردنی خۆسەر، باکووری ڕۆژهەڵات بەشێکە لە سووریا، بەڵام تایبەتمەندی خۆی هەیە، جوگرافیا و کلتووری ئەو بەشە تایبەتمەندی هەیە، پێویستە لە دەستووردا ڕەچاوی ئەو تایبەتمەندییە بکرێت.

ئیلهام ئەحمەد گوتی: ئێمە سیستەمی ناوەندی ڕەت دەکەینەوە و قەبووڵی ناکەین، لەگەڵ ئەوەی هەوڵ دەدرێت ئەوە بکرێت، لە کاتێکدا ئەوە زۆر مەترسیدارە.

پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا و کاریگەریی لەسەر ناوچە کوردنشینەکانی دیکە

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، کاریگەری لەسەر تەواوی کوردستان دەبێت و گوتی: ئێمە هیواخوازین ئەو پرۆسەیە سەرکەوتوو بێت و تورکیا بۆی بێتە پێشەوە، ئەو پرۆسەیە کاریگەریی زیاتری لەسەر کوردستانی سووریا هەیە کە هەمیشە تورکیا پرسی پەکەکە دەکاتە بیانوو بۆ شەڕ، ئێستا ئەو پرۆسەیە بە تورکیا دەڵێت: فەرموون پرسی کورد لەسەر مێزە و چارەی بکەن.

هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر گوتی: ئەمریکا سیاسەتی خۆی بەرامبەر سووریا ڕانەگەیاندووە، بەڵام کاریگەریی لەسەر سووریا زۆر گەورەیە، سزاکان لەسەر سووریا بەردەوامە، تاکوو سزاکان هەڵنەگیرێت، گۆڕانکاری لەسەر سووریا دروست نابێت، بوونی هاوپەیمانان و ئەمریکا هاوسەنگیەک لەنێوان هێزەکاندا لە سووریا دروست دەکات، پشتیوانی ئەمریکا بۆ کوردستانی سووریا گرنگە و دەمانەوێت بەردەوام بێت.

ڕۆڵی مەسروور بارزانی لەچارەسەری پرسی کورد

سەبارەت بە ڕۆڵی مەسروور بارزانی لە چارەکردنی کێشە و ئالەنگارییەکانی کورد لە ناوچەکە، ئیلهام ئەحمەد گوتی: مەسروور بارزانی لەنێو کورد خاوەن ئەزموونێکی دەوڵەمەندە لە بواری سیاسیدا، بەتایبەت لەسەر پرسی کورد و ئەو هەڕەشە و مەترسیانەی لەسەر کوردن، دەڵێت: مەسروور بارزانی ئەزموونی خۆی بەکارهێناوە لە چارەکردنی ئەو کێشانەی هەن لە ناوچەکە و بەتایبەت لەبارەی کورد، ڕۆڵی ئەو لە دانووستانەکان و بەیەکەوە گرێدانی پارچەکانی کوردستان گرنگە بۆ چارەکردنی کێشەکان، گوتیشی: هەماهەنگیمان لەگەڵ سەرۆک وەزیران مەسروور بارزانی هەیە.

دەشڵێت: ئامادەکاری بۆ دیالۆگێکی نیشتمانی کوردی دەکەین، ئێستا ئامادەکاری بۆ بەستنی ئەو دیالۆگە لە قۆناغی کۆتاییە.

پرسی کەمپی هۆڵ و مەترسییەکانی داعش

لەبارەی کەمپی هۆلیش گوتی: سیاسەتێکی مەودا درێژ بۆ بەڕێوەبردنی کەمپەکە نییە، هەندێک وڵات هاوکارن لە بەڕێوەبردنی، بەڕێوەبردنی کەمپەکە کارێکی زەحمەتە و ئاسان نییە، کە ئەمریکا هاوکاری بۆ ئەو کەمپە ڕادەگرێت، دۆخی کەمپەکە خراپ دەبێت، ئەگەر ئەو پشتیوانیانە ببڕن لە کەمپەکە، مەترسییەکی زۆر گەورە دروست دەبێت، چوونکە دانیشتووانی کەمپەکە منداڵ و ژنانی داعشەکانن، مەترسی داعشیش  لە ناوچەکە مەزنە، بەتایبەت لە سووریا، ئیلهام نەیشاردەوە کە داعش هەمیشە ئامادەکاریی بۆ چالاکییەکانیان دەکەن، دوور نییە لە سووریا سەرهەڵبدەنەوە و دەست بەکاری تیرۆریستی بکەنەوە، بۆ ڕێگریی لە سەرهەڵدانەوەی داعش، هێزەکانی ئەو ناوچەیە پێویستیان بە هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانانە، ئاماژەی بەوەش کرد، پشتیوانییەکانی فەرەنسا بۆ کوردستانی سووریا گرنگە.

گفتوگۆ لە ئەولەویەتدایە و چەک دوایین بژاردەیە

ئیلهام ئەحمەد دەشڵێت: چارەسەری بە ڕێگەی مەدەنی و سیاسی و دیالۆگ گرنگترە لە چارەسەری بە شەڕ، چەک بۆ دوا چارەسەر باشە، تاکوو ڕێگای دیالۆگ هەبێت، کوشتن نابێت، کاتێک دیالۆگ نامێنێت، بە ناچاری چەکەکان دەردەکەون، ئێمە پشتیوانی لە بەکارهێنانی چەک ناکەین، ئێمە بە چەک تەنها مافەکانمان دەپارێزین، ڕێبازەکانی خۆ پارێزیش زۆرن، بە یاسایی و سیاسی و چەکدارییە.

ناوبراو گوتی: ئێمە لە بری دانانی چەک، پێویستە باسی چارەسەری بکەین ڕاستترە، چەک لە چ چوارچێوەیەک هەبێت، بە نموونە لە چوارچێوەی پاراستنی هەرێمەکە بەدەستی هێزەکانی پاراستنی ئاسایش بێت.

News Code 225275

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha