ئەردۆغان و سوودانی جەخت لە پەرەپێدان بە پێوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و بەغدا دەکەنەوە

محەمەد شیاع سوودانی و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنەماڤانیی هاوبەشدا بە بایەخەوە باسیان لە پەرەدانی زیاتر بە پەیوەندییە فرە رەهەندەکانی نێوان عێراق و تورکیا کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شاندی هەردوولایەن واژۆیان لەسەر ۱۱ یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە بوارەکانی ئاسایش، پیشەسازیی بەرگریی، داد، توێژینەوەی زانستی، خوێندنی باڵا، کردنەوەی لقی بانک و زانکۆکانی تورکیا لە عێراق، هاوئاهەنگیکردن لە بەڕێوەبردنی کارەساتە سرووشتییەکان و ئاڵنگارییەکانی کەشوهەوا کرد. 

ئەردۆغان: واژۆکردنی یاداشتنامەی نوێی لێکتێگەیشتن بەڵگەی بەهێزی پەیوەندییەکانمانە   

رەجەب تەیب ئەردۆغان لە دەستپێکی قسەکانیدا رایگەیاند، "پار لە سەردانەکەم بۆ عێراق پەیوەندییەکانمان زۆر پتەوتر کرد. ئەو ویست و دیدگەیەی بەڕێز سوودانی گرتیەبەر رۆڵێکی گرنگی هەبوو بۆ گەیشتنمان بەم ئاستەی ئەمڕۆی پەیوەندییەکانمان. ئینشاڵڵا پەرەی زیاتری پێدەدەین و بەهێزتری دەکەین. لەگەڵ برای بەڕێزم بەشێوەیەکی گشتگیر گفتوگۆمان لەبارەی پەیوەندییە فرە رەهەندەکانی نێوانمان کرد. ئاڵوگۆڕی بیروبۆچوونەکانمان لەسەر ئاستی پێشهاتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بە گشتیی و سووریا بە تایبەتی کرد. کەمێک پێش ئێستا ژمارەیەک یاداشتی هاوبەشی مایەی بایەخمان واژۆکرد، کە بەڵگەی بەهێزی پەیوەندییەکانمان دەردەخات. ناکرێت پەیوەندییە دێرین و زۆر گرنگەی کولتووری مرۆیی نێوانمان لە پەیوەندیی دوو دەوڵەت سنووردار بکەین. گرنگە پەیوەندییەکانمان لە هەموو روویەکەوە بەهێزتری بکەین ئەمە پێویستییەکەی زۆر سەرەکییە بۆ هەردوو وڵات. ئارامی و سەقامگیری عێراق بۆ ئێمە هاوشێوەی ئارامی و سەقامگیری وڵاتەکەمانە و هیچ کاتێک جیاوازیمان نەکردووە و نایکەین."

بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر 

ئەردۆغان باسی لەوەشکرد، "لە دیدارەکەیاندا بە بایەخەوە پێداگریمان لە کەیسی ئاسایش و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کرد. وەک چۆن پەکەکە، فەتۆ و داعش هەڕەشەن بۆ تورکیا بەهەمان ئەندازەش هەڕەشەن بۆ ئاسایشی عێراق. جەختمان لە هاوئاهەنگیی نێوانمان کرد لە بەرەنگاربوونەوەی هاوبەشی ئەم رێکخراوە تیرۆریستییانە. هەروەها دووپاتمان کردەوە کە نابێت تیرۆر لە داهاتووی هەردوو وڵاتماندا هەبێت."

زیادکردنی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی 

ئەردۆغان تیشکی خستە سەر بواری بازرگانی و رایگەیاند، "پار قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانمان نزیک بووەوە لە ۱۸ ملیار دۆلار، بەڵام پێمانوایە لە تواناماندایە قەبارەکە زۆر لەوەی ئێستا زیاتر بکەین. بۆ ئەم مەبەستەش زیاتر کار دەکەین. پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان بۆ عێراق و تەواوی ناوچەکە ئارامی و خۆشگوزەرانی دەستەبەر دەکات. لە دیدارەکەماندا باسمان لە خێراکردنی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی قۆناخەکانی پرۆژەکە کرد. بانگهێشتی هەموو ئەو وڵاتانە دەکەین، دەیانەوێت ببنە بەشێک لەم پرۆژە ستراتیژییە."  

ئاو و نەوت

سەرۆککۆماری تورکیا لەمبارەیەوە گوتی: "پار واژۆمان لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئاو و ژێرخانەکەی کرد بەتایبەتی لە پرسی برەودان بە میکانیزمی کارکردنی و ئەمجارەش پێداگریمان لە جێبەجێکردنی پڕۆژە پەیوەندیدارەکانیش کرد بەتایبەتی ژێرخان.   

بۆ سەرلەنوێ دەستپێکردنی ناردنی نەوت لەسەر تۆڕی بۆڕییەکانی گواستنەوەی نەوتی عێراق داوامانکرد بە زووترین کات کار بۆ گواستنەوەی نەوت بکرێت. لە بابەتی فراوانکردنی زیاتری هاوئاهەنگیمان لە پرسی کارەبا چاومان لەوەیە گازی سرووشتی و سووتەمەنییە جیاوازەکانیشی بگرێتەوە. لەگەڵ سەرۆکوەزیران باسمان لە پرسەکانی مامەڵە بانکییەکان، پیشەسازی، پەروەردە و خوێندنی باڵا کرد و هەڵسەنگاندنمان بۆ سەرجەم هەنگاوەکان کرد کە دەکرێ لە قۆناخەکانی داهاتوودا بنرێن."

ئەردۆغان: دونیابینی سوودانی، ئارامیی بۆ ناوچەکە گەڕاندەوە 

ئەردۆغان بە پەسنەوە باسی لە رۆڵی سوودانی کرد و گوتی: "پێشوازی گەرم لە دیدگە و دونیابینی بەڕێز سوودانی دەکەین کە رۆڵی باڵای گێڕاوە لە ئارامی و سەقامگیری ناوچەکە. باوەڕم وایە دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سووریا لەسەر بنەمای دراوسێی باش، دەبێتە فاکتەری سەقامگیری و گەڕاندنەوەی ئارامی بۆ ناوچەکە. لەم بوارەشدا لەگەڵ عێراق درێژە بە کارەکانمان دەدەین."  

ئیسرائیل و تێکدانی سەقامگیری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست

سەرۆککۆماری تورکیا هێرشی کردە سەر حکومەتی ناتانیاهوو و رایگەیاند، سیاسەتی شەڕانگێزی ئیسرائیل کە سەرەتا لە غەززەوە دەستیپێکرد و بۆ لوبنان و سووریا و وڵاتانی دیکە تەشەنەی کرد هۆکاری کارەسات و خوێنڕشتن و کۆمەڵکوژی بوو. پێیوایە بەم کارە نامرۆڤانەی ئاسایشی خۆی دەپارێزێت بەڵام ئەمە خەیاڵپڵاوییە و لە داهاتوودا لە هەڵەکەی تێدەگات. هاوکات گەمارۆدانی غەززە و هەڕەشەی برسیکردنی خەڵکی غەززە گەیشتە ئاستی قڕکردنی مرۆڤایەتی.

لەگەڵ برای بەڕێزم کۆکین لەمبارەیەوە. 

ئەردۆغان: تورکمان پارێزەری یەکپارچەیی خاکی عێراقن

ئەردۆغان ستایشی سوودانی کرد بە بایەخدانی بە تورکمان و رایگەیاند، تورکمانەکان پارێزەری یەکپارچەیی و یەکگرتوویی خاکی عێراقن. سەرباری هەموو گوشار و سەختییەکان کەچی رۆڵی بەرچاویان هەیە لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی تورکیا و عێراق. پێزانینم بۆ برای بەڕێزم سوودانی هەیە لە هەستیاربوونی لە پرسی پاراستن و بەرگریکردن لە مافی برایانی تورکمان. هەروەها بەشداری پێکردنی برای بەڕێزم سەرۆکی بەرەی تورکمانی لە شاندی یاوەری بەڕێز سەرۆکوەزیران بە واتادار دەزانم. 

سوودانی: حکومەت و سیاسەتڤانان دەگۆڕێن، بەڵام پەیوەندیی هەردوو گەلی تورکیا و عێراق ناگۆڕێن

سوودانی لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی هەردوولا کرد و رایگەیاند، بەر لە هەموو شتێک پەیوەندی عێراق و تورکیا پەیوەندی نێوان هەردوو گەلە و مێژووی پەیوەندی هەردوو گەلەکەش بۆ هەزاران ساڵ دەگەڕێتەوە. هەروەها پەیوەندییەکانمان مۆرکی کۆمەڵایەتی، ئاینی، کولتووری، مێژوویی و مرۆییشی بەخۆوە بینیووە و ئەم رایەڵانە هەرچەندە دۆخ و حکومەت و سیاسەت بگۆڕدرێت ئەم بنەمایانە هەر دەمێننەوە. دیدارێکی زۆر بەرهەمدار و راشکاوانە بوو. دەرەنجامەکەشی واژۆکردنی ژمارەیەک یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بوو. 

سوودانی: پەکەکە گرووپێکی قەدەخەکراوە و رێگە بە چالاکییەکانیان لە عێراق نادەین

سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لەوەش کرد، "ئەم کۆبوونەوانە درێژەپێدەری سەردانەکەی بەڕێز ئەردۆغان بوو بۆ عێراق لە مانگی نیسانی پار. پەیوەندییەکانی عێراق و تورکیا لەسەر چەند کۆڵەگەیەکی گرنگ پێکهاتووە. رەهەندی ئەمنی یەکێکە لە کۆڵەگەکان، بە تێروتەسەلی ئەم بابەتەمان بە ئاڵنگارییەکانیەوە تاوتوێ کرد. بەتایبەتی تیرۆر کە دوژمنی هاوبەشمانە. هەڵوێستی روون و ئاشکرامان دووپاتکردەوە لە ئاستی ئاسایش و تێگەیشتنمان لەم بوارەدا. ئاسایشمان یەکە و تەواوکەری یەکدییە. ئاسایشی عێراق ئاسایشی تورکیایە. هەڵوێستی جێگیری حکومەتمان دووپاتکردەوە دەرهەق بە پارتی کرێکارانی کوردستان. پەکەکە بە پێی یاسای عێراق گرووپێکی قەدەخەکراوە و رێگەی پێنادرێت لە عێراق کار و چالاکیی بکات. دەستوور پابەندمان دەکات رێگە بە هیچ گرووپێک نەدەین خاکی عێراق بەکاربهێنێت بۆ هێرش و ‌هەڕەشەکردن بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ. هاوکات جەختمان لە هاوئاهەنگی و هاوکاری هاوبەش کرد لە پرسی ئاڵوگۆڕی زانیاری هەواڵگری و کاری ئەمنی و رووبەڕووبوونەوەی سەرجەم ئاڵنگارییەکان بۆ پاراستنی سەروەریی عێراق لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە. پێشوازی لەم هەنگاوەی دوایی دەکەین لەبارەی چارەسەری سیاسیی و دانانی چەکی پارتی کرێکارانی کوردستان."

کێشەی ئاو مژاری گرنگی کۆبوونەوەکانە 

سوودانی گوتی: "پرسی ئاو یەکێک بوو لە مژارە گرنگەکانی کۆبوونەوەمان لەگەڵ بەڕێز سەرۆککۆماری تورکیا کە لە سەردانەکەیشی بۆ عێراق گفتوگۆمان کردبوو. لیژنەی هاوبەش درێژە بە کارەکانیان دەدەن. کۆبوونەوەکانیان بەردەوامە، تەنانەت دوێنێ و ئەمڕۆش کۆبوونەوەی چڕی هاوبەش ئەم لیژنانە هەبووە. بۆ رێککەوتن لەسەر میکانیزمی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە. لە پێناو دەستکردن بە جێبەجێکردنی پرۆژەی زۆر گرنگ و بەڕێوەبردنی ئاو لە عێراق. دۆخی زۆر سەختی عێراقمان بە سەرۆککۆمار گەیاند لە رووی کەمئاوی و ئاستی پڕبوونی بەنداوەکانمان کە لە دۆخێکی زۆر خراپدایە. جەختمان لەسەر ئەوە کردەوە کە دەبێ لە پرسی ئاو بە شێوەیەکی دادپەروەرانە کاری بۆ بکرێت بۆ ئەوەی بەرژەوەندیی هەردوولا پارێزراو بێت."

راشیگەیاند، "لە سەردانەکەی پاری بەڕێز ئەردۆغان بۆ بەغدا، ۲۶ یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە سەرجەم بوارەکاندا واژۆیان لەسەر کرا. ئەمڕۆش تیشکمان خستە سەر پرۆژە هاوبەشەکان بەتایبەتی ئەو پرۆژانەی بەم نزیکانە دەست بەجێبەجێکردنیان دەکرێت. کە نۆ پرۆژەن لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئاو. لەنێویاندا دروستکردنی بەنداوی کۆکردنەوەی ئاوی باران بۆ ئاودێری و پرۆژەکان بە فلتەرکردنی ئاو و ریسایلکردنی کە لەلایەن کۆمپانیاکانی تورکیا جێبەجێ دەکرێت."

پڕۆژەی گەشەپێدان 

سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو کە لەم سەردانەدا "دەرفەتی ئەوەمان هەبوو پڕۆژەی ستراتیژی زۆر گرنگ باس بکەین کە پرۆژەی رێگەی گەشەپێدانە. ئەم پرۆژە زۆر گرنگە رایەڵی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان تورکیا، عێراق و وڵاتانی ناوچەکە بەهێزتر دەکات. هەر لەنێو ئەم پرۆژەیەدا دەرفەتی زۆر گرنگ زیندوو دەکرێنەوە سەبارەت بە گەشەپێدانی ژمارەیەک پارێزگا لە رووی پیشەسازی و بازرگانییەوە. ئەم پرۆژەیە بازدانێکی گەورەی ئابووری و بازرگانی دەبێت بۆ عێراق. سەرقاڵین بە دامەزراندن و پێکهێنانی دەستەیەکی تایبەت بە پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان بۆ کارئاسانکردنی زیاتر و نەهێشتنی رۆتینی کارکردن و راکێشانی سەرنجی وەبەرهێنانی ناوخۆیی، عەرەبی و بیانی.

رێکارە تایبەتەکانی لایەنی عێراقیمان بۆ بەڕێز سەرۆککۆمار راگەیاند و جدی بوونی خۆمان لە جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە خستەڕوو."

راشیگەیاند، "ئامادەیی خۆمان بۆ دامەزراندنی کارگەی مەزنی تورکی دەربڕی بە هاوبەشی لەگەڵ کەرتی تایبەتی عێراق لەنێو شارە پیشەسازییەکان کە بڕیارە لە درێژایی ئەم رێڕەوەی رێگەی گەشەپێدان دروست بکرێن لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق. باسمان لە گرنگی زیاترکردنی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانمان کرد." 

کۆکبوون لەسەر پرسی غەززە

سەبارەت بە رووداوەکان و پێشهاتە هەرێمییەکان، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، "کۆک بووین لەسەر هەڵوێستەکانمان لەبارەی غەززە و پێمانوایە ئەوەی لە غەززە کراوە و دەکرێت بە هەموو پێناسە و ماناکانییەوە کۆمەڵکوژییە. هەڵوێستی بنەڕەتیمان کۆکن و هەوڵەکانیشمان هاوبەش دەبێت لەبارەی ئەو هەڕەشانەی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا کردوونی و دەیکات و ئاژاوە و قەیرانی قووڵ بۆ چەندین وڵاتی ناوچەکە دروست دەکات."

راشیگەیاند، "هەڵوێستی عێراق لە بارەی دۆخی عێراق روونە. سووریا بەشێکە لە ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و ناکرێت فەرامۆش بکرێت. لەسەر بنەمای یاسا نێودەوڵەتییەکان کاری بۆ دەکەین. ئێمەش لەگەڵ پرۆسەیەکی سیاسیی نوێداین هەموو پێکهاتەکان لەخۆ بگرێت و باوەش بە هەموو هاووڵاتییەکانی بکات بەبێ جیاوازی. مافی کەمایەتییەکان و پێگە ئاینییەکان بپارێزێت و رووبەڕووی توندوتیژییەکان ببێتەوە. هەڵوێستمان بۆ بەڕێز سەرۆککۆمار روونکردەوە بەوەی ئێمە جدین لە بەرەنگاربوونەوەی داعش کە مەترسییەکی زۆر گەورەیە بۆ سەر ناوچەیە و لە رێگەی ئەو لیژنە پێنج قۆڵییەی پێکهاتووە بۆ سەقامگیری ناوچەکە." 

News Code 225371

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha