کوردپرێس: پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) که وه‌کوو باڵی پارتی کرێکارانی کوردستان (په،که،که)ش له ئـ‌ێران و کوردستانی ئێران ده‌ناسرێت له ۴ نیسانی ساڵی ۲۰۰۴ دامه‌زراوه. ئه‌م حزبه باڵی سه‌ربازیی تایبه‌تی به‌خۆی هه‌یه و له‌ژێر ناوی یه‌کینه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان (یه‌ره‌که) له چه‌ندین ناوچه‌ی کوردستانی ئێران و قه‌ندیل جموجۆڵی هه‌یه.
له دوای ساڵی ۲۰۰۴ چه‌ندین جار هێزه‌کانی ئێران و چەکدارانی پژاک ڕووبه‌ڕووی یه‌کتر بوونه‌ته‌وه، تیایدا هه‌ردوولا زیانی گیانیان به‌رکه‌وت. له هاوینی ساڵی ۲۰۱۱ سوپای ئێران هێزێکی زۆری به پاڵپشتی تۆپخانه و هه‌لیکۆپته‌ری سه‌ربازی ئۆپاراسیۆنێکی به‌رفراوانی بۆ سه‌ر قه‌ندیل ده‌ستپێکرد، چه‌ندین گوند و ناوچه‌ی هه‌رێمی کوردستان بۆمباران کران و سووتێندران. ئۆپراسیۆنه‌که درێژه‌ی کێشا تا هه‌ردوولا له‌به‌رواری ۲۹ ئه‌یلولی ۲۰۱۱ گه‌یشته ڕێککه‌وتن و ئاگربه‌ست ڕاگه‌یه‌ندرا. له‌دوای ئه‌م به‌رواره‌ش جار جار هێزه‌کانی پژاک و ئێران به‌ره‌نگاری یه‌کتر بوونه‌ته‌وه، به‌ڵام به قه‌باره‌ی بچووک و شه‌ڕی له‌ناکاو.
پژاک که له ئێستادا له‌لایه‌ن هاوسه‌رۆکان (ئەمیر کەریمی – پەیمان ڤیان) سه‌رکردایه‌تی ده‌کرێت، یه‌کێکه له ئه‌ندامانی کۆما جڤاکێن کوردستان (که، جه، که) که جگه له‌م پارته چه‌ندین پارت و رێکخراوی دیکه‌ی کوردستانیش تیایدا ئه‌ندامن و (عه‌بدولڵا ئۆجالان) رێبه‌ری (په، که، که) وه‌کو مه‌رجه‌عی فیکری و سیاسی خۆیان ده‌بینن.
له‌دوای تێکچوونی پرۆسه‌ی چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد له تورکیا له ۲۲ ته‌مموزی ۲۰۱۵، سوپای تورکیا تا ئاستێکی زۆر ڕێگای له په‌یوه‌ندی کردنی گه‌نجانی کوردی تورکیا به (په، که، که)ﻩوه گرت. ئه‌مه‌ش وایکرد رێژه و ژماره‌ی کوردی ئێران له‌ناو ڕیزه‌کانی (په، که، که) به‌ره‌و هه‌ڵکشان بچێت. پێشبینی ده‌کرێت له‌ئێستادا رێژه‌ی کوردەکانی ئێران له‌ناو کۆی سیسته‌می سه‌ربازیی (که، جه، که) ۳۵٪ بێت. له‌م سۆنگه‌یه‌وه پژاک بۆته به‌شێکی گرنگ له سه‌رمایه‌ی سه‌ربازیی، سیاسیی، ئابووریی، کۆمه‌ڵایه‌تیی، رێکخراوه‌یی و دیپلۆماسیی (که، جه، که) و هه‌موو لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کان ناچارن حیسابی بۆ بکه‌ن و حسابی له‌سه‌ر بکه‌ن.
ئه‌گه‌ر چی پرۆسه‌ی دیالۆگی چاره‌سه‌ری پرسی کورد له‌نێوان ئیمرالی و تورکیا، که له تشرینی یه‌که‌می ۲۰۲۴ دا ده‌ستپێکراوه، خۆهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه و چه‌ک دانانی (په، که، که) له‌خۆ ده‌گرێـت. به‌ڵام په‌یڕه‌وکردنی تاکتیکی سه‌رداپۆشین و دزه‌نه‌کردنی زانیارییه‌کان له‌مه‌ڕ پرۆسه‌که، به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته به پژاک، ناچارمان ده‌کات له سۆنگه‌ی لێدوانه‌کانی پێشتری ئۆجالان خوێنده‌وه بۆ رۆڵی داهاتووی پژاک بکه‌ین.
عه‌بدولڵا ئۆجالان له ساڵی ۲۰۰۸ په‌یوه‌ست به نیگه‌رانی ئێران له کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی (په، که، که) له‌ناو تورکیا بۆ هه‌رێمی کوردستان له رێگای پارێزه‌رانی ئاگاداری قه‌ندیل ده‌کاته‌وه تا رێوشوێنی پێویست بگرنه‌به‌ر له‌به‌رامبه‌ر ئه‌گه‌ری هه‌وڵی تێکدانی پڕۆسه‌که له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه. له ساڵی ۲۰۱۳شدا له‌ساته‌وه‌ختی پرۆسه‌ی چاره‌سه‌ری ئۆجالان ئه‌مجاره‌ش به‌ڵام به راشکاوانه‌تر له‌باره‌ی ئێران قسه ده‌کات و پێیوایه ئێران هه‌موو کاتێک ده‌توانێ کرده‌وه‌ی چه‌کداریی دژ به تورکیا ئه‌نجام بدات و دواتریش بیخاته ئه‌ستۆی (په، که، که) و به‌مشێوه‌یه پرۆسه‌که له‌بار ببات. بۆ ئه‌وه‌ی قه‌ندیل بتوانێ رێوشوێنی خۆی بگرێته‌به‌ر له‌به‌رامبه‌ر ئه‌گه‌رێکی له‌مشێوه‌یه‌ش ئۆجالان داوا ده‌کات: "تاکه ڕێگا بۆ ئه‌وه‌ی ئێران ئاسته‌نگ بکرێت، پێویسته پژاک ژماره‌ی هێزه‌کانی خۆی بگه‌ینێته ۴۰ هه‌زار که‌س". گرنگی ئه‌م قسه‌ی ئۆجالان رووه سیاسیه‌که‌یه‌تی تا رووه ته‌کنیکیه‌که‌ی. له‌هه‌مان کاتدا ئه‌م قسه‌یه بۆ دۆخی شاراوه‌ی ئه‌مڕۆ به‌رچاوروونیه‌کی هێجگار گرنگه.
فاکتێکی دیکه که ده‌کرێت له رێگایه‌وه بزانین، ده‌وڵه‌ت و ئۆجالان به‌یه‌که‌وه له‌باره‌ی پژاک چۆن بیر ده‌که‌نه‌وه، ئه‌م دۆخه نێوده‌وڵه‌تیه‌یه که پێیدا تێپه‌ڕده‌بین. شه‌ڕی ئۆکرانیا، رووداوه‌کانی ناوچه‌که له سووریا و لوبنان، رۆڵی ئیسرائیل له‌م پرسانه‌دا، قه‌یرانی هیندستان له‌گه‌ڵ پاکستان و رۆڵ و پلانی ئیداره‌ی ئه‌مریکا کاریگه‌ریان له‌سه‌ر یه‌کلاکردنه‌وه‌ی چاره‌نووس و ئه‌جنداکان هه‌یه سه‌باره‌ت به پژاک. ئه‌م دۆخه نێوده‌وڵه‌تییه‌ی له ئارادایه ده‌رفه‌ت بۆ تورکیا ده‌ڕه‌خسێنێت تا پێگه و رۆڵی خۆی زیاتر بکات له ناوچه‌که‌دا، له هه‌مان کاتیش‌دا ڕووبه‌ڕووی کۆمه‌ڵێک دژه ده‌رفه‌تیشی ده‌کاته‌وه، ئه‌گه‌ر به‌چاوی به‌راوردکاریی سه‌یریان بکه‌ین دژه ده‌رفه‌ت له ده‌رفه‌ت بۆ تورکیا زیاتره. چوونکه دژه ده‌رفه‌ته‌کان له چه‌ندین لاوه تورکیای خسۆته ناو به‌ره‌ی دژه هاوپه‌یمانه‌کانی له ناتۆدا.
له گفتوگۆی نێوان ئۆجالان و ده‌وڵه‌تدا، له‌سه‌ر ئه‌و هێز و توانایه رێککه‌وتن ده‌کرێت که په‌که‌که له‌ناو هاوسه‌نگیه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ده‌ستی هێناوه. ئێران رکابه‌ره مێژوویی و ناوچه‌ییه‌که‌ی تورکیا، یه‌کێکه له‌و پانتایه جوگرافیایه‌ی که (په، که، که - پژاک) تیایدا خاوه‌ن توانای سیاسیی، سه‌ربازیی، کۆمه‌ڵایه‌تیی و دیپلۆماسییه. له ساڵانی رابردوودا له باشووری قه‌فقاسیا به‌رژه‌وه‌ندی ئێران و تورکیا به‌ره‌نگاری یه‌کتربوونه‌وه، به تایبه‌تی له پرسی ئازه‌به‌یجان – ئه‌رمه‌نستاندا. له ئێستاشدا ئه‌م بارودۆخه ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تییه‌ی ئێران تێیکه‌وتووه ده‌رفه‌تێکه بۆ تورکیا بۆ ئه‌وه‌ی له گه‌ڕێکی دیکه‌ی ململانێی ناوچه‌ییدا پێگه‌ی خۆی له‌سه‌ر حسابی ئێران به‌هێزتر و به‌رفراوانتر بکات. له‌م سۆنگه‌یه‌شه‌وه رێککه‌وتنی ئۆجالان – تورکیا ره‌هه‌ندێکی ئێرانیانه‌ی هه‌یه. له هه‌مان کاتدا ئه‌م ره‌هه‌نده هۆکارێکیشه که تورکیا په‌لکێشی ناو پڕۆسه‌ی دانوستان و گفتوگۆ ده‌کات له‌گه‌ڵ (په، که، که) و ئۆجالاندا.
له قه‌یرانه ناوچه‌یه‌کاندا له ساڵی ۲۰۱۱ تا ۲۰۲۵، ئه‌کته‌ره‌کانی ناو قه‌یرانی سووریا هه‌وڵیان دا به سوودوه‌رگرتن له دۆخی لیبیا ئه‌جنداکانیان له سووریا رێکبخه‌نه‌وه. له‌و ماوه‌یه‌دا هه‌ر گۆڕانکارییێک له لیبیا هه‌بووبێت، ره‌نگدانه‌وه‌ی بۆ سه‌ر سووریا دروست ده‌کرد. له ئێستاشدا دیار ده‌بێت که تورکیا ده‌خوازێت له مه‌سه‌له‌ی ئێران‌دا سوود له ئه‌زموونی چه‌ند ساڵه‌ی له سووریا وه‌ربگرێت و هه‌وڵ ده‌دات هه‌ڵه‌کانی سه‌رده‌می قه‌یرانی سووریا له مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ دۆسیه‌ی ئێران‌دا دووباره نه‌کاته‌وه.
له ساڵانی رابردوو له‌ناو ئاڵۆزییه‌کانی سووریا، کورد بووه فاکته‌ره‌ی یه‌کلاکردنه‌وه‌ی هاوسه‌نگی هێز له‌م وڵاته‌دا. ده‌ستێوه‌ردانی به‌رده‌وامی تورکیا له کاروباری ناوخۆیی سووریا‌و دوژمنایه‌تی کردنی کورد، بووه هۆی ئه‌وه‌ی کورد له سووریا به‌هیچ جۆرێک نه‌که‌وێته ناو بازنه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی تورکیا. هه‌روه‌ها پێشتریش له سه‌رده‌می ده‌ستێوه‌ردانی ئه‌مریکا له عێراقدا، له ده‌ره‌وه‌ی ویستی تورکیا کورد پێگه‌یێکی به‌هێزی به‌ده‌ست هێنا که تورکیا چاوه‌ڕوانی نه‌بوو. له هه‌مان کاتدا مکووڕ بوونی حکوومه‌تی (بنیامین نه‌تانیاهۆ) له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی گۆڕانکاری له ئێران‌دا، تورکیا ناچار ده‌کات تا له گۆڕانکاریه‌کانی ئێران بێ به‌رنامه و پلان نه‌بێت.
ئه‌م هۆکار و فاکتانه‌ی سه‌ره‌وه پاڵ به تورکیاوه ده‌نێت تا ئه‌جندا و به‌رنامه‌ی خۆی له‌مه‌ڕ ئێران به په‌له ئاماده بکات. له‌وانه‌شه هه‌ڵسوکه‌وتی به په‌له‌ی سه‌رانی تورکیا بۆ ئه‌وه‌ی (په، که، که) کۆنگره‌ی خۆی ببه‌ستێت و بڕیاری خۆهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه و دانانی چه‌ک بدات له‌مه‌وه سه‌رچاوه بگرێت. تورکیا گه‌یشتووەته ئه‌و باوه‌ڕیه‌ی که به‌بێ هاوکاری و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ پژاک ناتوانێ له ئێران‌دا بگاته مه‌رامه‌کانی.
بۆچی تورکیا پێویستی به پژاک هه‌یه؟
له ساڵی ۲۰۱۵ حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) و حزبه کوردییه‌کانی دیکه له رێگای هه‌ڵمه‌تی (راسان) ویستیان رۆڵ و پێگه‌ی جارانیان له‌ناو کوردستانی ئێران به‌ده‌ست بێنه‌وه، رێگا بگرن له په‌لهاویشتنی زیاتری پژاک له‌ڕووی سه‌ربازیی و جه‌ماوه‌رییه‌وه. رووداوی کوێستانه‌کانی (کێله‌شین) له ساڵی ۲۰۱۵و نه‌خشه‌سازی شاراوه‌ی هه‌ڵمه‌تی (راسان) ده‌وڵه‌تی تورکیا بوو. میدیای سێبه‌ری (حدکا) و تاراده‌یه‌کیش (کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشان) پشتڕاستیان کرده‌وه که تورکیا له پشت ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌یان وه‌ستاوه.
به‌ڵام شکستی هه‌ڵمه‌ته‌که و بێتوانایی حزبه کوردییه‌کانی ئێران، تورکیا ناچار ده‌کات تا به‌دوای ئه‌لته‌رناتیفێکی باشتر بگه‌ڕێت که پژاکه. به‌تایبه‌تی له‌وکاته‌دا، ئیسرائیل به ناڕاسته‌وخۆ په‌یامی به حزبه کوردییه‌کانی ئێران ناردووه که له هاوینی ئه‌مساڵدا گۆڕانکاری به‌رفراوان له ئێران‌دا ڕووده‌دات و رۆڵی کوردیش له‌م گۆڕانکاریانه‌دا کاریگه‌ر و یه‌کلاکه‌ره‌وه ده‌بێت.
تورکیا چی له پژاک ده‌وێت؟
بێگومان هێشتا (په، که، که) کۆنگره‌ی خۆهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه و چه‌کدانانی ساز نه‌کردووه، ئه‌وه‌ی دیاره له ئێستادا ئه‌م پڕۆسه‌یه گه‌یشتووەته دۆخێکی بنه‌بستبوون، که هۆکاره‌که‌ی ته‌واو دیارنیه، ئه‌گه‌رچی قه‌ندیل مکووڕه تا ده‌رفه‌ت به ئۆجالان نه‌درێت سه‌رپه‌رشتی کۆنگره‌ی ناوبراو بکات ئه‌وان هیچ هه‌نگاوێک نانێن.
له ئه‌گه‌ری به‌ستنی کۆنگره و بڕیاری وازهێنان له خه‌باتی چه‌کداریدا، هه‌موو گه‌ریلاکان چه‌ک دانانێن، به‌لانی که‌م تا پڕۆسه‌ی چاره‌سه‌ری به ته‌واوه‌تی ده‌گاته ئه‌نجام. زه‌حمه‌تیشه که‌س بتوانێ هه‌مووان ناچاری چه‌کدانان و ئاوێته‌بوون له‌گه‌ڵ کاری یاساییدا بکات.
له‌م سۆنگه‌یه‌وه پێویسته شوێنێک هه‌بێت ئه‌م که‌سانه له‌خۆبگرێت، باشترین شوێنیش پلاتفۆرمی پژاک ده‌بێت تا ئه‌و که‌سانه له‌ژێر سێبه‌ریدا بحه‌وێنه‌وه. ئه‌مه‌ش هه‌ر له‌خۆوه به‌دینایه‌ت، پێویسته رێککه‌وتنی نێوان ئۆجالان – تورکیا گشتگیر بکرێت، پێویسته ئه‌و هێزه‌ی له‌ناو پژاک ده‌گیرسێته‌وه وه‌کوو هێزێکی دژ به تورکیا رۆڵ نه‌گێڕێت. تورک ئه‌م حسابه له‌سه‌ر پژاک ده‌کات.
هه‌روه‌ها هه‌نگاوێکی به‌م شێوه‌یه رێگری له کورد ده‌کات تا نه‌چێته ناو خانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی ئیسرائیل له ئه‌گه‌ری روودانی گۆڕانکاری له ئێران‌دا. تورکیا به‌م پلانه ده‌خوازێت کارتی کورد له ئێران‌دا بخاته ده‌ستی خۆی.
ئه‌مه‌ش به شێوه‌یه‌ک مه‌یسه‌ر ده‌بێت که پژاک ئێنتیگره‌ی رێککه‌وتنی ئۆجالان - تورکیا بکرێت. پێده‌چێت تورکیا هه‌ستی به په‌یامی ئیسرائیلیه‌کان بۆ پارته کوردییه‌کانی ئێران کردبێت، بۆیه ناخوازێ له ئێران ئه‌زموونی سووریا دووباره بکاته‌وه‌و کورد ببێته فاکته‌رێکی دژبه‌ر.
له گفتوگۆیه‌کی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نووسێکی کوردی تورکیا که چاودێری پرۆسه‌ی چاره‌سه‌ری ده‌کات پرسیارم کرد که ئایا به‌رنامه‌ی ده‌وڵه‌ت بۆ پژاک چیه؟ ناوبراو له وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌دا ده‌ڵێـت: "تورکیا چاوی لێیه پژاک رۆڵی ئوسۆ (ملیشیکانی به‌ناو سوپای نیشتیمانی سووریا) بگێڕێت له ئێران‌دا!".
ئێران ده‌سته‌وه‌ستان ناوه‌ستێت؟
له دوای ساڵی ۲۰۰۸ به‌دواوه، ئێرانییه‌کان هه‌ستیان به لێکه‌وته‌کانی مه‌ترسی پرۆسه‌ی ئاشتی له تورکیا کردووه بۆ سه‌ر وڵاته‌که‌یان. ئه‌م مه‌ترسیه‌ش له ساڵی ۲۰۱۳ ده‌گاته لوتکه، به‌هۆی کشاندنه‌وه‌ی گه‌ریلا له کوردستانی تورکیا بۆ ناوچه سنورییه‌کان ئێران.
له هاوینی ئه‌م ساڵه‌دا له ئاستێکی باڵا ئێران له‌گه‌ڵ پارتی، یه‌کێتیی و (په، که، که) کۆ ده‌بێته‌وه. له‌م کۆبوونه‌وه‌یه ئێران به ئاشکرا نیگه‌رانی و مه‌ترسی خۆی له کۆکردنه‌وه‌ی گه‌ریلا له‌سه‌ر سنووره‌کانی به ئاماده‌بووانی کۆبوونه‌وه‌که راده‌گه‌ینێت. لایه‌نی ئێرانی له‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌دا پرسیاری: په‌یوه‌ست به پژاک له ئه‌گه‌ری رێککه‌وتنی ئۆجالان له‌گه‌ڵ تورکیا، که‌س هه‌یه رێگا له‌و هێزه بگرێت؟ هه‌ر له‌م کۆبوونه‌وه‌یه گرژی له نێوان نوێنه‌رانی ئێران و قه‌ندیل دروست ده‌بێت.
مه‌ترسی ئێران سه‌باره‌ت به پژاک هه‌ر له‌خۆوه نیه، به‌ڵکوو له‌و کێشه جیۆپۆلۆتیکیه قووڵه سه‌رچاوه ده‌گرێت که له‌نێوان ئه‌م مه‌ترسیه‌ی ئێران له‌و کێشه جیۆپۆلۆتیکییه مێژوویه قووڵه سه‌رچاوه ده‌گرێت که له نێوان تاران و ئه‌نقه‌ره‌دا هه‌یه وه‌کوو کێشه‌یێکی ستراتیژیی. هه‌بوونی هێزێکی وه‌کوو پژاک له ده‌ستی ئۆجالانێکی پراگماتیست زه‌مینه‌ی رێککه‌وتن خۆشتر ده‌کات له‌گه‌ڵ تورکیا.
ئێران، وه‌کوو ده‌وڵه‌تێکی سوپه‌ر له‌م ناوچه‌یه نه‌مومکینه د‌رکی به‌م نیازه‌ی تورکیا نه‌کردبێت.
هاتنه سه‌رکاری حکوومه‌تی (مه‌سعوود پزیشکیان) جۆرێکه له ئاماده‌کاری بۆ به‌رگرتن له پلانه‌کانی تورکیا‌و هێزه ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تییه‌کانی دیکه. هه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌ستپێکردنی پرۆسه‌ی چاره‌سه‌ریش حکوومه‌تی پزیشکیان داوای له په‌رله‌مانی وڵاته‌که‌ی کرد خوێندن به زمانه نافه‌رمییه‌کان له ئێران‌دا جێبه‌جێ بکرێت که ده‌ستوری ئێران له مادده‌ی ۱۵ مین ئاماژه‌ی پێکردووه.
هه‌رچه‌نده ئه‌م پێشنیار یاسایه له په‌رله‌مان ده‌نگی پێویستی به‌ده‌ست نه‌هێنا، به‌ڵام پزیشکیان و لایه‌نگرانی وازیان له‌م پێشنیار یاسایه نه‌هێناوه‌و ده‌خوازن له رێگای گۆڕینی ده‌قی پێشنیاره‌که جارێکی دیکه بیگه‌ڕێنه‌وه په‌رله‌مان و ده‌نگی پێویستی بۆ کۆبکه‌نه‌وه. (فاتیمه مهاجریانی) وته‌بێژی حکومه‌تی پزیشکیان له (۴ مانگی ئاداری ۲۰۲۵) رایگه‌یاند بۆ ئه‌وه‌ی زمانه نافارسییه‌کان به‌فه‌رمی بکرێن ئه‌وان پێشنیار یاسایه‌کیان پێشکه‌شی په‌رله‌مان کردووه.
ئه‌م هه‌وڵه‌ی پزیشکیان که له دوای پرۆسه‌ی چاره‌سه‌ریی ده‌ستپێکراوه، بۆ ئه‌وه‌یه ئێران نه‌بێته تاکه ده‌وڵه‌ت له‌ناوچه‌که کێشه‌ی له‌گه‌ڵ کورد هه‌بێت و له رێگای ئه‌م جۆره هه‌وڵانه ده‌خوازێ کارتی کورد نه‌که‌وێته ده‌ستی تورکیا وڵاتانی دیکه‌ی وه‌کوو ئیسرائیل.
ئه‌گه‌ر بێت‌و پرۆسه‌ی چه‌کدادانی په‌که‌که و خۆهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌ستپێبکات و له پرۆسه‌یێکی سێ چوار ساڵیدا ئه‌و گۆڕانکاریانه‌ی که پێویسته له ده‌ستووری تورکیا ئه‌نجام بدرێت، رۆڵ و پێگه‌ی پژاک له جاران زۆر زیاتر ده‌بێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر پرۆسه‌که وه‌کوو ئه‌م ساته وه‌خته به‌خاوی بمێنێته‌وه ئه‌وه پێموانیه (په، که، که) پردی په‌یوه‌ندییه‌کانی له‌گه‌ڵ ئـ‌ێران بڕووخێنێت.
له ئێستاشدا که پرۆسه‌ی ئاشتیی ده‌ستپێکراوه‌ته‌وه، نامومکینه ئێران و قه‌ندیل گفتوگۆ و دانیشتنیان له‌گه‌ڵ یه‌کتر نه‌بێت، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه له‌لایێک ترسی ئێرانییه‌کان بڕه‌وێندرێته‌وه، له‌لایێکی تر بۆ ئه‌وه‌یه ئێرانییه‌کان رێوشوێنی پێویست بگرنه‌به‌ر.
سه‌رگرتنی پلانی تورکیا له‌مه‌ڕ پژاک، به‌نده به هه‌ڵوێستی قه‌ندیل! تێکچوونی په‌یوه‌ندی نێوان قه‌ندیل – تاران به‌و واتایه دێت که (په، که، که) هه‌موو هێلکه‌کانی خۆی بخاته سه‌په‌ته‌ی تورکیاوه، که ئه‌مه‌شیان له‌ئێستادا نا لۆژیکیه! به‌بێ هه‌بوونی گه‌ره‌نتی یاسایی و سیاسیی زه‌حمه‌ته (په، که، که) به‌ده‌ستی پژاک هه‌نگاوێک بنێت و به‌ره‌ی ئێران له‌خۆی تێکبدات و کێشه و قه‌یرانی نوێ بۆ خۆی دروست بکات.
* هێمن خۆشناو
Your Comment