بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مستەفا کاراسو، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبردنی کەجەکە لە بەرنامەیێکی تایبەتی مەدیا خەبەردا لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا پەکەکە پابەندی بانگەوازەکەی ئۆجەلان دەبێت؟ جەختی کردەوە کە پابەند دەبن و گوتی: "ئێمە پەکەکە هەڵدەوەشێنینەوە و کۆتایی بە خەباتی چەکداری دەهێنین. با هیچ کەسێک گومانی لەمەدا نەبێت. لێرەدا پێویستە دەوڵەت و دەسەڵاتیش بێ پەنابردنە بەر هیچ بیانوویەک، ئەوەی پێویستە بۆ بە دیموکراسی بیکات."
ئەو بەرپرسەی کەجەکە وتی بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێنامە (مانیفۆستۆ)ی سەدە"یە و زیادی کرد: "لەڕاستیدا ئەگەر هەر ڕستەیێکی ئەو رێنامەیە بە باشی هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت، فەلسەفە و هەڵوێستێکی سیاسیی تێدایە. دەتوانرێت لەڕێی ئەو رێنامە لە زۆر بابەتدا هەنگاو بنرێت."
کاراسو بە پێویستی زانی ئەو بانگەوازە خوێندنەوەی راستی بۆ بکرێت و گوتیشی: "ئەو بانگەوازە لە تورکیا، لە کوردستان، تەنانەت لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیشدا هیچ سەرکردەیێک، هیچ بزووتنەوەیێکی سیاسی نەیتوانیوە بیکات. ئەم هەڵوێستە نەوەک هەر کێشەی کورد، بەڵکوو کێشەکانی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش چارەسەر دەکات. دەبێت بەم جۆرە لێی بڕوانرێت. هەڵوێست و هەڵسەنگاندنی سادە و بچووک بەرامبەر ئەم بانگەوازە، ناحەقی کردن و بێڕێزییە بەرامبەری. بێگومان ئەمە هەنگاوێکە وەرچەرخانی دیموکراسی لە تورکیا دەهێنێتە ئاراوە."
لەبارەی پرۆسەی چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، مستەفا کاراسو بە گرنگی زانی، عەبدوڵڵا ئۆجەلان بەشداری لە کۆنگرەی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەدا بکات، "ئەمە راست نییە وا بزانین بە نامەکەی رێبەر خەباتێکی ۵۰ ساڵە و کێشەیێکی ۱۰۰ ساڵە چارەسەر کرا و تەواو! پێویستە بەردەمی واڵا بکرێت. دەوڵەت باخچەلی گوتی، با بانگەواز بکات و دواتر سوود لە مافی هیوا وەربگرێت. ئەوەتا بانگەواز کرا و پێویستە مافی هیوا کاری لەسەر بکرێت. هەمووان دەزانن مافی هیوا ئەوەیە دوای ۲۵ ساڵ مانەوە، لە زیندان ئازاد بکرێت."
کاراسو بە پێویستی زانی گەلی کورد دڵنیا بێت لەوەی ئەم شێوازە باشترین شێوازی چارەسەرکردنی پرسی کوردە، "نابێت گەلی کورد نیگەرانیی هەبێت و پێویستە متمانەی بە خۆی هەبێت. پێویستە بزانن کە ئەمە هەنگاوێکە بەرەو بە دیموکراسی کردنی تورکیا و هاوکات بۆ چارەسەری کێشەی کوردە. پێویستە لێی نزیک ببنەوە و لە باوەشی بگرن. سەرەتا پێویستە ژنان و گەنجان خاوەندارێتی بکەن. ئەوان هێزی پێشەنگن. کۆتایی هاتنی شەڕ زۆرترین بەرەوپێشچوون تۆمار دەکات. ژنان سوودمەندترینی ئەم پرۆسەیەن. ئەمە کۆتایی نییە، بەڵکو سەرەتایە. ئەمە قۆناخێکی نوێی خەباتە."
مستەفا کاراسو، لەبارەی هەڵوێستی تورکیا بۆ ئاگربەستە تاکلایەنەکەی پەکەکە، گوتی: "ئەگەر هێرش بکرێتە سەر هێزەکانی گەریلا، ئایا گەریلا چی دەکات؟ ئایا بەرگری لە خۆی ناکات؟ ئایا دەڵێت (وەرە و بە دیلم بگرە؟) لەم رووەوە پێویستە ئاگربەستەکە رەچاو بکرێت. ئێمە ئاگربەستمان راگەیاند و دەبێت تورکیاش پابەند بێت. ئەگەر ئەمە پەیڕەو نەکرێت، بە مانای قبووڵنەکردنی پرۆسەکەیە."
Your Comment