بەپێی هەواڵی کوردپرێس، تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی (دەم پارتی) لە کۆنگرەی هاوپەیمانیی دیموکراسیی ژنانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقیا (NADA) کە لە شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت، گوتارێکی پێشکێش کرد.
هاتیمئۆغوڵڵاری جەختی لە گرنگیی ڕۆڵی ژنان لە پرۆسەی چارەسەری کردەوە و گوتی، "هەر گفتوگۆ و دانوستاندنێک بۆ ڕاگرتنی شەڕ کرابێت و ژنان تێیاندا بەشدار نەبووبن، شکستی هێناوە."
هاوسەرۆکی دەم پارتی بڕیارەکانی پەکەکەی لەبارەی خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری بە ''هەنگاوێکی گرنگ'' بۆ پرۆسەی چارەسەری ناوبرد، باسی لەوەش کرد، "ئەم پێشهاتانە نەوەک تەنیا تورکیا، بەڵکوو کاریگەرییان لەسەر هەموو ناوچەکە دەبێت.
هاوسەرۆکی دەم پارتی وتیشی: "بڕیارەکانی کۆنگرەی پەکەکە، ڕۆڵیان لە چارەسەرکردنی پرسی کورد بەشێوەیێکی دیموکراسی و ئاشتییانە دەبێت، کە یەکێکە لە برینە ساڕێژنەکراوەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست".
ڕۆژی دووشەممە ۱۲ی ئایاری ۲۰۲۵ پەکەکە، ئەنجامی کۆنگرەی ۱۲ی خۆی راگەیاند کە لە ۵ - ۷ی ئایار بەڕێوەچوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
Your Comment