بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەبدولوەهاب سلێمان، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری سۆران بە ڕووداوی ڕاگەیاند: "لە ئەشکەوتی پڵنگان لە ناحیەی سرێشمەی قەزای خەلیفان، چەندین شوێنەواری چینی بەردینمان دۆزیوەتەوە کە مێژووەکەیان بۆ کۆتایی چاخی بەردینی کۆن و سەرەتای چاخی بەردینی نێوەڕاست دەگەڕێتەوە."
عەبدولوەهاب سلێمان دەشڵێت: "ئەو شوێنەوارانەی دۆزیومانەتەوە بۆ سەردەمی ئێپی پالیۆلیسیک دەگەڕێنەوە کە مێژووەکەی ۱۰ هەزار بۆ ۲۰ هەزار ساڵ لەمەوپێشە. ئەو جۆرە چینانە زیاتر لە نیو سەدە بوو ون ببوون، بەڵام لە ساڵی ۱۹۵۱ بۆ یەکەمجار لە ناوچەی زاگرۆس لەلایەن شوێنەوارناسە بیانییەکان دۆزرانەوە و لە دوای ئەوەوە هیچ نیشانەیەکی دیکە نەدۆزرانەوە تاوەکو ئێمە لە داوێنی چیای پڵنگان ئەم چینانەمان دۆزییەوە کە شوێنپێی مرۆڤەکانی ئەو سەردەمەن."
بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری سۆران ئاماژە بەوەش دەکات، "گرێبەستمان لەگەڵ زانکۆی ئۆتۆنۆمسی بارسێلۆنای ئیسپانیا بۆ ۵ ساڵ واژۆکردووە، بۆ گەڕان بەدوای شوێنەوارە مێژووییەکان لە سۆران و تاوەکو ئێستا چەندین شوێنەواری گرنگمان دۆزیوەتەوە."
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری سۆران، تاوەکو ئێستا نزیکەی هەزار و ۲۰۰ ناوچە و شوێنی شوێنەواری لە سنووری ئیدارەی سۆران تۆمار کراون.
Your Comment