بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پارێزگای هەولێر بڵاوی كردەوە: "بەسەرپەرشتیی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و محەمەد نەوزەری، پارێزگاری قەزوین و بە ئامادەبوونی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان و ئێران و بەرپرسی کۆمەڵگەی دەروازەی سنووری نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران و جێگرانی پارێزگاری قەزوین بۆ کاروباری سیاسی، کاروباری ئاوەدانکردنەوە، کاروباری ئابووری، قایمقامی ناوەندیی قەزوین، سەرۆکی شارەوانی و بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاریی قەزوین و چەند بەرپرسێکی دیکەی پارێزگاكە، لە دیوانى پارێزگاى قەزوین، بەمەبەستى پتەوکردنی پەیوەندییە گشتییەکانی نێوان هەردوولا و بەهێزکردنی جموجۆڵی بازرگانی و ئابووریی نێوان هەولێر و قەزوین و گەیشتن بە ڕێک کەوتن و واژۆ کردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن و دانانى ڕێوشوێن و میکانیزمى پێویست و ئاسانکارى و هاریکاریى نێوان هەردوولا کۆبوونەوەیەکى فراوان ئەنجام درا."
لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا جەختیان لە سەر بەرەوپێشبردن و باشترکردن و بەهێزکردنى جووڵەى بازرگانی و پیشەسازی لە سەرجەم سێکتەرەکان و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان کردەوە.
بۆ ئەو مەبەستەش، پارێزگاری هەولێر، هەموو ئامادەییەکی خۆی بۆ بەرەپێشبردنی پەیوەندیەکان و باشترکردن جووڵەی بازرگانی و پیشەسازیی لە نێوان هەردوو پارێزگا لە سەرجەم سێکتەرەکان نیشاندا، ڕاشیگەیاند، پەیوەندیی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی مێژوویی، ئایینی، فەرهەنگی، کەلتوورییە و لە سەر هەموو ئاستەکانیشدا هەرێمی کوردستان خواستی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانە، "وەک هەولێری پایتەختیش کە ئەمڕۆ سەنتەری بڕیار و سەنتەرێکی گرنگی ئابوورییە، خواستمان پەرەپێدان و گەشەپێدانی پەیوەندییەکانە لەگەڵ سەرجەم وڵاتان بەتایبەتی وڵاتی ئێران".
پاشان تیشکی خستە سەر دیدار و کۆبوونەوەکانی لە تاران لەگەڵ جێگری سەرکۆمار و جێگری وەزیری ناوخۆ و پارێزگاری تاران و کورتەیەکی لە بارەی دەرنجامی سەردانەکەی خستەڕوو.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا، پارێزگاری هەولێر، تیشکی خستە سەر سەردانی زیارەتکارانی ئێرانی بۆ شوێنە پیرۆزەکانی عێراق لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە و جەختی لەوە کردەوە لەسەر ڕاسپاردەی مەسعوود بارزانی هەرچی ئاسانکاری و خزمەتگوزارییە پێشکەش بە زیارەتکاران کراوە، ئاماژەشی بەوەدا بەئەرکی خۆمانی دەزانین كە ساڵانە خزمەتی ئەو زیارەتكارانە بکەین.
لە کۆتاییشدا، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر باسی لەو پڕۆژە و کار و گەشەسەندن و پێشکەوتنانە کرد، کە سەرەڕای ئەو زوڵمەی بەغدا لە هەرێمی کوردستان دەیکات، لە بڕینی بودجە و مووچەی خەڵک لە هەولێری پایتەخت هاتۆتەدی.
Your Comment