کوردپرێس: به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی باره‌گای بارزانی، له سه‌لاحه‌دین مه‌سعوود بارزانی پێشوازیی له ژان نۆیێل بارۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌رەنسا كرد و له دیداره‌كه‌دا بارودۆخی ناوخۆی هه‌رێم و پێویستیی پێكهێنانی كابینه‌ی تازه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێم له زووترین كات خرایه به‌رباس و گفتوگۆ و هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم و به‌غدا و هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و هه‌روه‌ها بارودۆخی ناوچه‌كه و سووریا كرا.
په‌یوه‌ست به بارودۆخی سووریا و داهاتووی كورد له‌و وڵاته جه‌خت له سه‌رخستنی هه‌وڵه‌كان بۆ گفتوگۆ و نێوه‌ندگیری و یه‌كڕیزی نێوان لایه‌نه كوردییه‌كانی سووریا كرایه‌وه و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌رەنسا پێزانینی بۆ ڕۆڵی مه‌سعوود بارزانی له یه‌كخستنی هه‌وڵه‌كان و له‌یه‌كنزیككردنه‌وه‌ی لایه‌نه كوردییه‌كانی سووریا هه‌بوو.
له‌باره‌ی پڕۆسه‌ی ئاشتیی توركیا، مه‌سعوود بارزانی هه‌نگاو و هه‌وڵه‌كان بۆ چاره‌سه‌ری ئاشتیانه له توركیای به‌رز نرخاند و ڕاشیگه‌یاند، "هه‌رێمی كوردستان هه‌میشه ئاماده و پشتیوانی هه‌موو هه‌وڵێكه كه پڕۆسه‌ی ئاشتی له توركیا بگه‌یه‌نێته ئه‌نجام".
له كۆتایی ئه‌م دیداره‌دا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فەره‌نسا به فه‌رمی بانگهێشتی مه‌سعوود بارزانی كرد بۆ سه‌ردانی بۆ شاری پاریس و ئاماده‌بوون له مه‌راسیمی په‌رده‌لادان له‌و شوێنه‌ی كه به مه‌به‌ستی ڕێزگرتن له قوربانیدانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له شه‌ڕی دژی تیرۆریستان له یه‌كێک له پاركه‌كانی پاریس ده‌كرێته‌وه
Your Comment