بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پارتی دیموکراتی گەلان (دەم پارتی) لە ڕاگەیەنراوەکەیدا ئاماژەی بەوەکردوە: "پێویستە هەموو دامەزراوەکانی سیاسەتی دیموکراتی، لە سەروی هەموویانەوە پەرلەمانی تورکیا بەرپرسیارێتی هەڵبگرن بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد و دیموکراتیزەکردنی ڕاستەقینەی تورکیا".
دەقی ڕاگەیەنراوی دەم پارتی:
ئەمڕۆ ئێمە شایەتحاڵی ڕووداوێکی مێژوویین سەبارەت بە یەکێک لە گرنگترین و هەستیارترین وەرچەرخانەکانی مێژووی نزیکی تورکیا.
هاوکات لەگەڵ بڕیارە مێژووییەکانی کۆنگرەی پەکەکە، هەنگاوێکی تر لە ململانێی پەنجا ساڵەوە بەرەو ئاسۆی ئاشتی نزیک دەبینەوە. ئەم هەنگاوە، هەنگاوێکە بۆ سەرلەنوێ چرۆکردن و گەشەکردنی ئاشتی و سیاسەتی دیموکراتی کە سەدەیەکە لە ناخی ئەم خاکە دێرینەماندا ئاواتی بۆ دەخوازرا.
سەرەتا، بە ڕێزێکی قووڵەوە یادی هەموو ئەو کەسانە دەکەینەوە کە لە پرۆسەی درێژخایەنی پێکدادانەکاندا گیانیان لەدەستدا. ئەزموونی تاڵی دەیان ساڵە پێشانی هەموومانی داوە کە ئازار رەنگ و زمان و ناسنامەی نییە. ئەمڕۆ فرمێسکی تورک، کورد، چەرکەس، عەرەب، عەلەوی، سوننە، هەموو ناسنامە و باوەڕەکان لە یەک دەریادا یەکیگرتووەتەوە. خەمی هاوبەشمان لە دڵماندا هەڵگرتووە؛ یادەوەریی هەموو لەدەستچووانمان وەک ئەمانەتێکی پیرۆز دەپارێزین و داهاتووی هاوبەشمان بونیاد دەنێین.
ئێستا کاتی ئەوەیە ئیرادەی ژیانی هاوبەش و یەکسان بخەینە سەرووی هەموو شتێکەوە. کاتی باوەڕی قووڵە بە کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی، سیاسەتێکی ئازاد، یاسای جیهانی (بنەما گەردونییەکانی یاسا)، و کاتی کارکردن و هەنگاونانە بۆ دیموکراتیزەکردن. چیتر هیچ گەنجێک نە لە شاخ و نە لە شار نەخرێتە ژێر خاک (نەدرێتە بەر خاک). با لەمەودوا لەم وڵاتەدا دەنگی سیاسەت بەرز بێتەوە، نەک ئینکار و چەک؛ دەنگی لێکتێگەیشتنی دیموکراتی و کۆمەڵایەتی، نەک تووڕەیی؛ دەنگی ژیانی پێکەوەیی و یەکسان، نەک جیایی.
لاپەڕەیەکی نوێ لە ڕێگای ئاشتییەکی سەربەرزانە و چارەسەرییەکی دیموکراتیدا هەڵدەدرێتەوە. وەک دەم پارتی، باوەڕمان وایە کە دوای ئەم وەرچەرخانە مێژووییە، پێویستە هەموو دامەزراوەکانی سیاسەتی دیموکراتی، لە سەرووی هەموویانەوە پەرلەمانی تورکیا (TBMM)، بەرپرسیارێتی هەڵبگرن بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد و دیموکراتیزەکردنی ڕاستەقینەی تورکیا.
ئێستا دەبێت دەنگی دیموکراسی و دادپەروەری بەرز بێتەوە. ئەرکی مێژوویی بەردەم پەرلەمان بۆ بونیادنانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی، ئەوەندە پیرۆزە کە نابێت بکەوێتە ژێر سێبەری هیچ بەرژەوەندییەکی سیاسییەوە. ئێستا سەرەکیترین بەرپرسیارێتیمان ئەوەیە کە پێکەوە ئەو زەمینە یاسایی-دامەزراوەییە دابمەزرێنین کە ئەم هەنگاوە مێژووییە بگۆڕێت بۆ ئاشتییەکی هەمیشەیی.
لەم ساتە مێژووییەدا، جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتی مێژوویی لەلایەن دەسەڵاتی جێبەجێکارەوە بۆ سەرخستنی دەرفەتی بونیادنانی داهاتووی دیموکراتی تورکیا، گەرەنتی ئاشتی دەبێت.
سوپاسی خۆمان ئاراستەی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان دەکەین کە بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی لە ئەستۆ گرتووە لە پێشکەوتنی ئەم پرۆسەیەدا؛ سوپاس بۆ گەلانی تورکیا کە باجی ئاشتییان بە گیانیان، بە ڕۆڵەکانیان و بە فرمێسکەکانیان داوە؛ سوپاس بۆ بەڕێز دەوڵەت باخچەلی کە پشتیوانی لە ئیرادەی چارەسەری کردووە، و بۆ سەرۆک کۆمار بەڕێز ئەردۆغان کە خاوەندارێتی لەم ئیرادەیە کردووە، هەروەها بۆ سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی بەڕێز ئۆزگور ئۆزەل و سەرجەم سەرکردەکانی تری ئۆپۆزسیۆن کە بە شێوەیەکی ئەرێنی مامەڵەیان لەگەڵ پرۆسەکەدا کردووە.
بۆ سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە، ئەرکی پاراستن و بونیادنانی ئاشتی و مسۆگەرکردنی داهاتوو لە ئەمڕۆوە دەکەوێتە ئەستۆی دامەزراوە سیاسییەکانمان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیمان و لە هەمووی گرنگتر، هەر یەکێک لە ٨٥ ملیۆن هاووڵاتییەکەمان. دەمانەوێت ئاشتیی تورکیا ببێتە هیوا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئیلهام بۆ جیهان.
وەک دەم پارتی، بەڵێنێکی پیرۆز دەدەین بە گەلانی میزۆپۆتامیا و ئەنادۆڵ: لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستییەکان و چەسپاندنی دادپەروەری خۆمان نادزینەوە؛ هەرگیز ڕێگە نادەین بە هیچ هەنگاوێک کە ڕۆحی لەدەستچووانمان ئازار بدات، هیچ وتارێک کە زیان بە پرۆسەکە بگەیەنێت، و هیچ کردارێک کە ڕێگای ئاشتی ببڕێت. دەبینە بەرگریکار و هەڵگری ماندوونەناسی هاووڵاتیبوونی یەکسان، سیاسەتی دیموکراتی و ئاشتی.
ئەمڕۆ لە لایەکەوە هەست بە هیوایەکی گەورە دەکەین و لە لایەکی تریشەوە قورسایی بەرپرسیارێتییەکی قووڵی مێژووییمان لەسەرشانە. ئەمە کۆتایی نییە، بەڵکو دەستپێکێکی نوێیە. ئەم بەیانی ئیرادەیەی خۆمان بە یادکردنەوەی هاوڕێی ئازیزمان سری سورەیا ئۆندەر تەواو دەکەین، کە تەمەنی خۆی بۆ ئاشتی و برایەتیی گەلان تەرخان کرد و دڵی هەمیشە لەگەڵ چەوساوەکاندا لێیدەدا.
بێگومان ڕووناکایی ئاشتی و برایەتی دەهێنینە سەر ئەم خاکە.
Your Comment