بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە میانی بەسەرکردنەوەی پرۆژەی ڕووناکی لە پارێزگای دهۆک، بۆ مێدیاکان قسەی کرد و لەبارەی مووچەشەوە ڕایگەیاند: ئێمە لە هەوڵەکانمان بەردەوامین لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ بۆ ئەوەی داوای مافی خەڵکی کوردستان بکەین، سوپاسی خەڵکی کوردستان و فەرمانبەران دەکەین، کە تا ئێستە خۆڕاگر و زۆر پشودرێژ بوون، بەڵام پێویستە ئەوانیش بزانن تا ئێستە حکوومەتی فیدراڵ مووچەی نەناردووە و ئەوەی لەسەر حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و ئەرکیەتی، جێبەجێی کردووە.
بارزانی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "بەڵام ماوەتەوە حکوومەتی فیدراڵ پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ بکا و هیوادارین پابەندییەکانی جێبەجێ بکەن و مووچە نەکەنە پرسێکی سیاسی و وەکوو فشار دژی هەرێمی کوردستان بەکاری نەهێنن. هیوادارین بە زووترین کات جێبەجێ بکرێ".
Your Comment