بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە ڕاگەیێندراوێکی نووسراودا کە ڕۆژی سێشەممە، ۲۲-۴-۲۰۲۵، بڵاوکرایەوە، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە جەختی لەسەر چەند تەوەرێکی جۆراوجۆری تایبەت بە سیاسەتی تورکیا کردووە و لە بەشێکیشدا باسی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا کردووە.
باخچەلی سەبارەت بە هەنگاو و دیدارەکانی تایبەت بە پرۆسەکە دەڵێت: "لەکاتێکدا شنەبای ئاشتی، ئارامی و برایەتی لە رۆژهەڵاتەوە بۆ رۆژئاوا، لە باکوورەوە بۆ باشوور هەڵیکردووە، خۆهەڵدانە سەر تەڵەی تێکدانی پرۆسەکە هەڵەیەکە تاوەکوو ناپاکی دەڕوات".
سەرۆکی مەهەپە هەروەها رایگەیاند، ئەو لایەنە نێوخۆ و دەرەکییانەی دەیان ساڵە بەدوای دەرفەتدا دەگەڕێن تاوەکو تۆوی دووبەرەکی لە نێوان کورد و تورک بچێنن، ئێستا بە روونی نیگەرانییان پێوە دیارە.
باخچەلی دەشڵێت: "بەم نزیکانە چەکەکان ژێرگڵ دەکرێن و پەردەی سیاسەتی لەباوەش گرتن و دیموکراسی بۆ هەتاهەتایە بەشێوەیەک دەکرێتەوە کە ئیدی داناخرێت. لەم قۆناخەدا لە ژێر بنەمای بانگەوازەکەی ئیمراڵی، بەستنی کۆنگرەی پەکەکە و خۆهەڵوەشاندنەوە و ڕادەستکردنی چەکەکانی بە کۆماری تورکیا، گونجاوترین بژاردەیە لەڕووی هزر و دادپەروەریەوە".
باخچەلی کە ڕۆژی ۱-۱۰-۲۰۲۴ لە پەرلەمانی تورکیا بە تەوقەکردن لەگەڵ هاوسەرۆک و پەرلەمانتارانی دەم پارتی، دەسپێکردنی پرۆسەکەی ڕاگەیاند، دەڵێت: "ماڵئاوایی لە چەکە خوێناوی و نایاساییەکان وەفایە بۆ بەهای مرۆڤایەتی. نابێت ئەم کارە لەمە زیاتر درێژە بکێشێت".
Your Comment