بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە دەباشان کۆ بوونەوە، بافڵ تاڵەبانی لە ڕاگەیێندراوێکدا لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە رایگەیاند: جەختیان لەوە کردەوە کە "پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا بەرەوپێشچوونی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و پێویستە هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و پاراستنی بەرژەوەندیی هاونیشتمانییان بدرێت."
سەرۆکی یەکێتی لە کۆبوونەوەکەدا هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی ڕوونکردەوە و گوتی: "ئامانجمانە کابینەی نوێ داواکاریی هاونیشتمانییان جێبەجێ بکات و ببێتە هۆی بەهێزترکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان."
هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو و هەردوولا "جەختیان لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کردەوە."
هەر بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، سەرۆکوەزیرانی عیراق رۆڵی یەکێتیی لە نزیکردنەوەی لایەن سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بەرزنرخاندووە و "بە رێزەوە باسی لەو هەوڵانە کرد کە لە سەردەمی سەرۆک مام جەلالەوە تاوەکو ئێستا بەردەوامیان هەیە بۆ دروستکردنی یەکڕیزی و هاوهەڵوێستی لەنێوان لایەنەکان".
Your Comment