بەپێی هەواڵی کوردپرێس، براکەی ئەحمەد شەرع ناوی (ماهیر شەرع)ە، لە شوێنی (عەبدولڕەحمان سەلامە) پۆستی ئەمینداری گشتیی سەرۆکایەتیی کۆمار (یاخود کۆشکی کۆماریی) وەردەگرێت، بەهۆی ئەم پۆستەوە، ئیدارەی کاروباری سەرۆکایەتیی کۆماریی لەڕووی کارگێڕیی و تەشکیلاتییەوە دەکەوێتە دەست برای سەرۆک.
ماهیر شەرع لە حکوومەتە کاتییەکەی دەستەی تەحریر شامدا بەر لە کەوتنی رژێمی بەشار ئەسەد، پۆستی وەزیری تەندروستی بەدەستەوە بوو، بەڵام لە حکومەتە کاتییەکەی دوای کەوتنی ئەسەددا کە بەمدواییە پێکهێنرا لە کابینەی حکوومەت دوور خرایەوە.
ڕاپۆرتە رۆژنامەوانییەکان باس لەوە دەکەن، ماهیر شەرعی برای ئەحمەد شەرع پزیشکی نەشتەرگەرە و لەسەردەمی رژێمی ئەسەد و بەدیاریکراوی لە ساڵانی ۲۰۰۴ بۆ ۲۰۱۲ بەرپرسی بەشی منداڵبوون و نەشتەرگەریی ژنان بووە لە یەکێک نەخۆشخانە حکومییەکان، دواتریش وەکوو راوێژکاریی تەندروستی لە نەخۆشخانەکانی باکووری سووریا لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن (لەماوەی ۲۰۲۲ بۆ ۲۰۲۳) کاری کردووە.
هەندێک راپۆرتی رۆژنامەوانی باس لەوە دەکەن بەهۆی شارەزاییەکەی لە بواری تەندروستیدا، شەرعی برا ناوبانگێکی باشی پەیدا کردووەو رۆڵی هەبووە لە باشکردنی چاودێری تەندروستی ژنان و منداڵاندا.
دانانی براکەی لە پۆستێکی باڵا لەلایەن ئەحمەد شەرع (ئەبوو محەمەد جۆلانی پێشتر) لەکاتێکدایە بەمدواییە کابینەیێکی نوێی حکوومەت لە سووریا راگەیەندراوە کە ژمارەیێک کەسایەتی جێ مشتومڕ تێیدا بەشدارن و لەنێویاندا خەڵکانی نزیک لە ئەحمەد شەرع هەن کە پێشینەی جیهادییان هەیە و هەندێکیان پێشتر و لە حکوومەتی ڕزگاریی نیشتمانی (دەستەی تەحریر شام)دا لە ئیدلب پۆستیان هەبووە (مەبەست لەو حکومەتەیە کە ئەحمەد شەرع بەر لە کەوتنی ئەسەد دروستیکردبوو).
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی سووریا مشتومڕێکی گەرم بەخۆوە دەبینێت لەبارەی دانانی براکەی ئەحمەد شەرع لە پۆستی ئەمینداری سەرۆکایەتیی کۆمار، ئەوەشی زیاتر بابەتەکەی گەرم کردووە ئەوەیە کە ناوی براکەی ئەحمەد شەرع لێکچووە لەگەڵ ناوی براکەی بەشار ئەسەد کە هەردووکیان (ماهیر)ن، ماهیر ئەسەدی برای بەشار ئەسەد کۆڵەکەی سەرەکی حوکمڕانییەکەی بەشاری برای بوو.
هەندێک لە چالاکوانانی سیاسی لە سووریا ئیدانەی دانانی خزم و کەسوکاری سەرۆک دەکەن لە پۆستەکانی حکوومەت لەدوای ڕووخانی رژێمی ئەسەدەوە، هەندێک لەو چالاکوانانە گرتە ڤیدیۆیەکی کۆنی ئەحمەد شەرع بڵاو دەکەنەوە کە تێیدا دژ بە "حوکمی بنەماڵە" لە سووریای سەردەمی ئەسەددا قسە دەکات.
یەکێک لە چالاکوانەکان نوسیویەتی:" شۆڕشمان کرد بۆ ئەوەی ماهیر ئەسەد بگۆڕین بە ماهیر شەرع".
Your Comment