بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کۆڕبەندی ئازادی و ئاشتی ئەورووپا، دەسپێشخەرییە کۆمەڵایەتییەکان بۆ ئاشتی، سینەماکارانی خەباتگێڕ بۆ ئاشتی، دەسپێشخەرییەکانی مافەکانی مرۆڤ، کۆمەڵەی لێکۆڵینەوە ئاشتی، دەربارەی سری سورەیا ئۆندەر، ئەندامی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی کە جەڵتەی دڵ لێی داوە، له ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشدا دهڵێت، "دڵخۆشین بەو هەواڵانەی باس لە باشتربوونی ڕەوشی تەندرووستی ئۆندەر دەکەن".
ئاماژه بەوەش دەکەن، باوەڕیان وایە ئۆندەر بەم نزیکانە باشتر دەبێت و درێژە بە تێکۆشانی ئاشتی دەدات، "خۆڕاگربە دۆستی هێژا، خۆڕاگربە و بەرخۆدان بکە لەپێناو ئاشتی و وڵاتەکەت".
نەخۆشخانەی فلۆرێنس نایتینگەیل لە ئیستەنبووڵ ڕۆژی هەینی لە ڕاگەیهندراوێکدا بڵاویكردەوە، پڕۆسەی چارەسەرکردنی سری سورەیا ئۆندەر، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی توركیا لە بەشی چاودێریی چڕ بەردەوامە.
ئاماژه بهوهشكراوه، بەگشتیی دۆخی تەندروستی ئۆندەر وەک خۆیەتی، بەشی چاودێری چڕی نەخۆشخانەكە بە وردی چاودێری باری تەندروستی دەكرێت و چارەسەرەکانیان بۆ هەوکردن بەردەوامە.
شەوی 15ـی ئەم مانگە سری سورەیا ئۆندەر، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی توركیا و ئەندامی شاندی ئیمڕاڵی، توشی جەڵدەی دڵ بووە و گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە و هەمان شەو نەشتەرگەری بۆ ئەنجام درا.
شایانی باسە سری سورەیا ئۆندەر لەگەڵ پەروین بوڵدان، سەرۆكایەتی شاندی دەم پارتی دەكەن بۆ پڕۆسەی نوێی ئاشتی لە توركیا كە لە كۆتاییەكانی ساڵی ڕابردوەوە دەستیپێكردوە و لەو ماوەیەدا سێجار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانی كراوی پەكەكە كۆ بوونەتەوە.
Your Comment