ئامانجەکانی ڕاپەڕین بەدی نەهاتوون/ لە بنەڕەتدا ڕاپەڕین سەرنەکەوت

۳۴ ساڵ بەسەر یەکەم هەنگاوی ڕاپەڕینی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەسەر دەسەڵاتی ڕژێمی بەعسدا تێدەپەڕێت، کە لە میانی ناڕەزایی و تووڕەیی کوردەوە لە بەرامبەر ستەم و زوڵم و چەوساندنەوەیان لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە دەستی پێکرد.

کوردپرێس: لەبارەی بەدیهاتنی ئامانجەکانی ڕاپەڕین دکتۆر مەحموود عوسمان سیاسەتمەدار، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند: "خەڵک پێی وابوو ڕزگار دەبێت، کە ڕزگاریش بوو داواکانی جێبەجێ دەبێت، بەرپرسانیش بەڵێنی گەورەیان بە خەڵکدا، بەڵام ئەو بەڵینانە وەک پێویست جیبەجێ نەبوون، کە هەندێکی پەیوەندی بە بەغدادەوە هەیە، بەڵام بەشیکی زۆری پەیوەندی بە هەرێمەوە هەیە و خەڵکی لە کاربەدەستانی هەرێم ناڕازین."

مەحموود عوسمان وتیشی: "خەونە گەورەکانی ڕاپەڕین بەدی نەهاتوون وەک پێویست، چوونکە بەعس گەڕایەوە هەرێم و ڕاپەڕین تەواو نەکرا، پاش ئەمە گفتووگۆش لە نێوان بەعس و سەرکردایەتی کورد دورست بوو من کە خۆشم ئەندامی گفتووگۆکە بووم، بەڵام نەگەشتە ئەنجام، بۆیە ئامانجەکانی بەدینەهاتن و داواکانی کورد جێبەجێ نەبوون، لە بنەڕەتدا ڕاپەڕین جێبەجێ نەبوو واتە سەر نەکەوت."

۵ی سێی ساڵی ۱۹۹۱ هاووڵاتیانی ڕانیە یەکەم فیشەکی ناڕەزایەتیان دژی ڕژێمی بەعس لەو شارە تەقاند و دواتر پرشکی ناڕەزایی و سەرهەڵدانی چەکداری گەشتە شارەکانی تر و تا بە تەواوی هەرێمی کوردستان لە دەسەڵاتی بەعس پاک کرایەوە.

دوای تێپەڕبوونی ۳۴ ساڵ بەسەر ئەم پرۆسەیە و هاتنە سەر گۆڕەپانی سیاسی دەسەڵاتی کوردی و چەسپاندنی سیستەمی فیدڕاڵی بۆ هەرێمی کوردستان کە بە دەستکەوتێکی مێژوویی بۆ کورد لە قەڵەم دەدرێت، بەڵام ئەم پرسە ڕای گشتی لە نێوان "ڕازی" و "ناڕازی" دا کردووە بە دوو بەشەوە.

News Code 225001

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha