پزیشکانی هەولێر بایکۆتی دەوام کردن ڕادەگەیێنن

پزیشکانی نیشتەجێی خولاوی ساڵی یەکەم و دوەم لە هەولێر و ئیدارەی سۆران بەهۆی تەواوبوونی ماوەی یاسایی کارکردن و جێبەجێ نەکردنی داواکارییەکانیان بڕیاریان دا بایکۆتی دەوام بکەن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پزیشکانی نیشتەجێی خولاوی هەولێر، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویان کردەوە،  ماوەی شەش مانگە دۆخێکی چەقبەستوو دروست بووە، بەهۆی دانەمەزراندنی پزیشکانی تازە دەرچوو، بەجۆرێک سەرجەم پزیشکانی ساڵی یەک، دوو  و سێ تا پزیشکانی پایەبەرز، بەو هۆیەوە ماوەی شەش مانگە لەدەرەوەی ناونیشان و ئەرکی پزیشکییان خزمەت دەکەن و لە شوێنەکانی خۆیان ماونەتەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان وەکوو پزیشکانی نیشتەجێی خولاوی ساڵی یەکەم و دوەم لە ماوەی ڕابردوودا هەموو ڕێگەیێکی یاسایی و مەدەنیمان گرتەبەر لەهەمبەر ئەو دۆخە کە مەترسی دروست دەکات لەسەر سیستەمی تەندروستی کوردستان، لە کۆتا هەڵویست بەیاننامەیان بە ناو و ئیمزای هەزار و ۶۰۰ پزیشک لە سەرتاسەری کوردستان لە گردبونەوەیەک پێشکەشی لایەنی پەیوەندیدار کرا.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، وەزارەتی تەندروستی نەک هیچ پلانێکی نییە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، بەڵکو بەبێ حیسابکردن بۆ ڕای پزیشکان، تاکلایەنە هەڵساوە بە شێواندنی سیستەمی پلەبەندی پزیشکی، بەجۆرێک کە پزیشکانی سالی یەکەم  و دوەم ناچار دەکات دەوامی سێ شەفتی پزیشکان بخەنە ئەستۆی خۆیان بەبێ هەڵسەنگاندنێکی ورد و حیسابکردن بۆ لێکەوتە کورتخایەن و درێژخایەنەکان، و ئەو فشارە زۆرەی کە دەکەوێتە سەر پزیشکان.

ئەوەشی خستەڕوو، ڕایدەگەیەنن کە لە ڕۆژی شەممەوە ۷ی (حوزەیران/۶)ـی ۲۰۲۵ کاتژمێر ۸:۰۰ بەیانی بایکۆتی دەوامکردن لە سەرجەم فریاکەوتن و نەخۆشخانەکانی هەولێر و سۆران بە هەمو بەشەکانییەوە ڕادەگەیەنن تا جێبەجێ کردنی داواکارییەکانیان. هەروەها داواکارن لە سەرۆکی حکوومەت و لایەنی پەیوەندیدار هەرچی زوە چارەسەر بۆ ئەو دۆخەی ئێستا بدۆزنەوە و سیستەمی تەندروستی کوردستان بپارێزن لە ڕوخان.

داواکارییەکانیان بریتین لە:

۱- وەستاندنی سیستەمی نۆرەی شەفتکردن بۆ پلە بەندی.

۲- بەشێوەیەکی فەرمی کاتێک دیاریبکرێ بۆ دامەزراندنی پزیشکانی نوێ و کۆتاییهێنان بەو دۆخە چەقبەستوە بە زوترین کات.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، خەڵکی شاری هەولێر و دەوروبەری ئاگاداردەکەنەوە کە ئەو دۆخەی ئێستا دروست بووە بە هیچ شێوەیەک پزیشکان لێی بەرپرس نین، بەڵکوو پێشتر هەمو بەڕێوەبەرایەتی نەخۆشخانەکان ئاگادارکراونەتەوە و لە نەگەڕانەوەی هەر لێکەوتێکی نەخوازراو، وەزارەتی تەندروستی لێی بەرپرسە، ئەوان ماوەی چوار مانگە خزمەت کردنیان لە دەرەوەی ناونیشان و ئەرکی پزیشکییانە و بەردەوام بوونیان لە خزمەت کردن لە بارودۆخی سەختی دارایی، نیشانەی دڵسۆزییانە.

News Code 225552

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha