لەهەردوولاوە ئیرادەی جیددی هەیە بۆ بەرەوپێش بردنی پەیوەندیەکانی هەرێمی کوردستان و ئێران

عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک لە پەراوێزی کۆڕەندی سنەدا لە گفتوگۆێکی تابەت لەگەڵ هەواڵنێری کوردپرێسدا جەختی لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان کردەوە لە هەموو بوارەکاندا و وتی ئەو پەیوەندییانە کە ئێمە باسی لێوەدەکەین تەنها پەیوەندیی ئابووری و دیبلۆماسی نین بەڵکوو لە هەموو ڕوویێکەوەیە و پەیوەندیی بەینی زانکۆکان و پەیوەندیە فەرهەنگییەکان و ئینجا پەیوەندیی ئابووری و سیاسی لەخۆ دەگرێت و ئەو ئیرادەیە لەهەردوولا هەیە بۆ پەرەپێدان و بەروەوپێش بردنی پەیوەندییەکان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە پەراوێزی کۆڕبەندی سنەدا کە بە ئامادەبوونی هەر چوار پارێزگارەکەی هەرێمی کوردستان و پارێزگاری پارێزگا کوردنشینە هاوسنوورەکانی ئێران لە شار سنە بە میوانداریی پارێزگاری کوردستان بەڕێوەچوو، هەواڵنێری کوردپرێس گفتوگۆیێکی تایبەتی لەگەڵ دکتۆر عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک ئەنجام دا و چەندین بابەتی هەرە گرینگی ورووژاند لەوان بابەتی کێشە و گرفتەکانی بەدەم خوێندکارانی هەرێمی کوردستان لە ئێران و پرسی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ڕێکارەکانی زیاتر کردنی پەیوەندیی فەرەهەنگی نێوان هەروولا.

کوردپرێس: لە لێدوانەکەتاندا ئاماژەتان بەوە کرد کە ئێمە سنووری هاوبەشمان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران نییە بەڵام سەرباری ئەوەش هەر پەیوەندییەکانمان قووڵ و بەردەوام و ڕیشەدارە، بە حوکمی ئەوەی کە لەڕووی ئاڵوگۆڕی بازرگانییەوە کە داڵغەی سەرەکیی ئەم دانیشتانانە بوو و هەموو دۆستانیش باسی ئەوەیان کردووە وەکوو پارزگاری دهۆک چ ئاسانکارییێکتان کردووە بۆ مەسرەفی کاڵای ئێرانی لە سنووری پارێزگای دهۆک و ڕێژەی بەکارهێنانی کاڵای ئێرانی لە سنووری ئێوە چۆن ئەبێت؟

عەلی تەتەر: هەروەکوو ئاماژەم پێدا پارێزگای دهۆک سنوورێکی هاوبەشی لەگەڵ ئێران نییە بەڵام ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئێران لە پەرەسەندندایە، پێشتریش هەر لەسەرتای حکوومەتی هەرێمی کوردستان یەکەمجار خۆی زۆرترین کاڵایێک کە لە بازەڕەکانی هەرێمی کوردستان بوو شتومەکی ئێرانی بوو، باشترین عەلاقاتی بازرگانیش هەر لەگەڵ پارێزگاکانی هاوسنووری هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران بوو بەڵام هێدی هێدی ئەتوانم بڵێم بەرەو کزی چوو سەبەبەکەشی ڕەنگە زۆر بن بەڵام تا ئەم لەحزەیەش ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەیە لەبەینی پارێزگای دهۆک و ئێران.

هەناردەکردنی دهۆک هەیە بۆ ئێران و لە هەمانکاتیشدا هاوردەکردن لە ئێرانەوە هەیە. کاڵای ئێران لە بازاڕەکانی دهۆک زۆر بەرچاو دەکەوێت بە حوکمی ئەوەی کە بەشێک لە خەڵکی پارێزگای دهۆک کاتی خۆی لە ئێران پەنابەر بوون، مانەوەی ئەو خەڵکەمان لە ئێران  ئاشناییان لەگەڵ کولتووری ئێران بووە هۆی دروست کردنی پردێک بۆ بازرگانی کردن و تیجارەت لەگەڵ ئێران بۆیە ئێستاش بەشێکی زۆر لە خەڵکی پارێزگای دهۆک چ بۆ تجارەت و بازرگانی بێت چ وەکوو گەشتیاری و گەشتوگوزار سەردانی ئێران دەکەن چ وەکوو چارەسەریی پزیشکیش هەر لە دهۆکەوە سەردانی ئێران دەکرێت، هەروەها بەشێکیش لە خوێندکارانی دهۆک دێن سەردانی ئێران دەکەن بۆ تەواو کردنی خوێندنەکەیان بە تایبەتی لە قۆناغەکانی ماستەر و دکتۆرا لە هەموو زانکۆکانی ئێران خەڵکمان هەیە، ئومێد دەکرێت ئێمە زیاتر پەرە بەو عەلاقاتە بدەین.

هەروەها لە ئێستادا هەندێک لە کۆمپانیا ئێرانییەکان پڕۆژە گەورەکانی پارێزگای دهۆک جێبەجێ دەکەن، بەشێکیش پێشتر جێبەجێیان کردووە و ئێستا پڕۆژەکان کەوتوونەتە کار.

کوردپرێس: وەکوو بەشی ڕۆشنبیری ئاماژەتان بەوە کرد کە بەشێکی زۆر لە خوێندکارەکانی هەرێمی کوردستان بە پارێزگای دهۆکیشەوە دێنە ئێران و لە زانکۆ ئێرانییەکان دەخوێنن، بەڵام کێشەیێک لەم نێوانەدا هەیە ئەوەش ئەوەیە کە زۆر زانکۆی ئێران هەیە کە لەو دیو موعتەریف نییە و وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان دانی بەو زانکۆیانەدا نەناوە لە حاڵێکدا کە ئاستی زانستیی ئەو زانکۆیانە لە ئاستێکی باڵادایە بەڵام بەو پێوەرانەی کە وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان دایناوە بۆ ئەوەی زانکۆیێک موعتەریف بێت دیارە جیاوازە، لەو ڕووەوە ئایا پێداچوونەوەیێک ئەکرێت؟

عەلی تەتەر: ئەوەی بە نیسبەتی ئێمە گرینگە کوالیتییە، بۆ ئەوەی کەسێک لە وڵاتێکی دەرەوە ئەخوێنێت هەموو ئەو مەرجانەی بۆ خوێندنی باڵا پێویست بن دەبێت جێبەجێ بکرێت، چوونکە بە داخەوە هەندێک وڵات یان هەندێک شوێن هەبوونە (من باسی ئێران ناکەم) باسی شوێنی دیکە دەکەم کە قوتابی بەبێ ئەوەی ئەو مەرجانەی کە دەبێت هەیبێت جێبەجێ بکات، و بەبێ ئەوەی کە بخوێنێت یان حزووری هەبێت بەداخەوە ئەو زانکۆیە بڕوانامەی پێداوە. بۆ دڵنیا بوون لەوەی کە پشتڕاست بین ئەو کەسە تەواوی مەرجەکانیان جێبەجێ کردووە ئەو مەرجانە دیاری کراون، (گومانی ئێمە لەسەر خودی زانکۆکان نییە) بەڵکوو گومان لەسەر قوتابییەکە هەیە و بۆیە بۆ ئەوەی کە دڵنیا بین کە ئەم قوتابییە بەشدار بووە یەعنی هەموو مەرجەکان و ئەوەی کە پێویست بووە لەو زانکۆیەدا جێبەجێی کردووە.

بەڵام مەسەلەی خوێندنی باڵا شتێکە کە گرێدراوە بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و پارێزگارەکان ناتوانن بڕیار لەسەر ئەو بابەتە بدەن بەڵام دەکرێن سەرکۆنسووڵگەریی ئێران لە هەولێر لەگەڵ وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوە زانستییەکان دابنیشێت و ئەو بابەتە لەگەڵیان تاوتوێ بکات، بەتایبەتی ئەو زانکۆیانە کە کێشەیان لەسەرە دەکرێت بە سەردان و بە ئاڵوگۆڕی شاندی هەردوولا چارەسەر بکرێت.

کوردپرێس: بۆ نموونە لێرە زانکۆی کوردستانی شاری سنە توێژینگەی کوردستان ناسیمان هەیە کە لەڕووی زانستییەوە دەتوانێت دەستپێشخەر بێت لەڕووی زۆر پرسی توێژینەوەیی و چارەسەر کردنی پرسی فەرهەنگی و ڕۆشنبیری، هیوادارین ئێمەیش کە ئەو هەماهەنگییە هەبێت، ئێوە وەکوو پارێزگاری دهۆک ئایا ئەو ئیرادەیە لەلایەن لایەنی ئێرانییەوە دەبینن بۆ پەرەپێدانی ئەم پەیوەندییانە کە باستان کرد؟

عەلی تەتەر: بە تەئکید هەردوو لا سێ ساڵ لەسەر یەکە کە ئەم کۆبوونەوانە دەبەستین بۆ چارەسەر کردنی هەر پرسێک، ئەو دیدارانە بۆ زیاتر گەشەسەندن و زیاتر کردنی ئەو پەیوەندییانەن. ئەو پەیوەندییانەش کە ئێمە باسی لێوەدەکەین تەنها پەیوەندیی ئابووری و دیبلۆماسی نین بەڵکوو لە هەموو ڕوویێکەوە وەکوو پەیوەندیی بەینی زانکۆکان و پەیوەندیە فەرهەنگییەکان و ئینجا پەیوەندیی ئابووری و سیاسی لەخۆ دەگرێت و ئەو ئیرادەیە لەهەردوولا هەیە بۆ پەرەپێدان و بەروەوپێش بردنی پەیوەندییەکان.

فایلی ڤیدۆیی گفتوگۆی پارێزگاری دهۆک لەگەڵ هەواڵنێری کوردپرێس:

News Code 225512

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha