کوردپرێس: دوای ناکۆکییە نێوخۆییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان، ۵ـی نیسانی ئەم ساڵ، ئاراستەی گردی زەرگەتەی بزووتنەوەکە کۆنفرانسی گشتیی بەڕێوەبرد، بەڵام دوای کۆنفرانسەکە رایگەیاند، "بە دەستوەردانی حیزبی، کۆمیسیۆن بەشداریی نەکردووە".
ئاراستەکەی دیکەی بزووتنەوەی گۆڕان کە بە "باڵی کوردسات"یش ناودەبرێن، ۲۶ـی نیسان کۆنفرانسێکیان بەڕێوەبرد و کۆمیسیۆنیش ئامادە بوو، بەڵام بە گوێرەی یاساکانی کۆمیسیۆن، ژمارەی پێویستی ئەندامانی بزووتنەوەکە ئامادە نەبوو، بۆیە هەڵگیرا بۆ کاتێکی دیکە.
رۆژی پێنجشەممە، بەرپرسێک لە ژووری یاسایی بزووتنەوەی گۆڕان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەرچاومان روونکراوەتەوە و بە گوێرەی بڕیاری کۆمیسیۆن، ۲۴ ـی ئەم مانگە بۆ کۆنفرانسی گشتیی دیاریکراوە".
هەر ئەمڕۆ نزار مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بۆ بەشدار بوون لە کۆنفرانس یان بەشدار نەبوون، دەگەڕێینەوە بۆ بڕیاری جڤاتی نیشتمانی و لەوێوە بڕیاری لەسەر دەدرێت".
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بزووتنەوەی گۆڕانی ناچار کردووە، تەنیا ئەو ئەندامانە بەشداری کۆنفرانس بکەن ناویان لە ساڵی ۲۰۱۷ تۆمار کراوە زیاترن لە ۲۱۰۰ ئەندام؛ ئەوانەش ئێستا بەسەر دوو ئاراستە دابەشبوون، جگە لەوەی بەشێکیان دەستبەرداری سیاسەت بوون و بەشێکیش چوونەتە نێو حیزبەکانی دیکە.
بەڵام بە گوێرەی ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان (ئاراستەی کوردسات) بۆ رووداو، "کۆنفرانسی داهاتووو بە گوێرەی دەنگی زۆرینەی ئەندامانی ئامادەبوو دەبێت، بۆ نموونە ۴۰۰ ئەندام ئامادەبێت دەتوانن بڕیارەکانی کۆنفرانس بە زۆرینەی دەنگیان پەسند بکەن".
Your Comment