سوودانی و ڕوبیۆ باس لە هاوبەشیی ستراتیجی نێوان ئەمریکا و عێراق دەکەن

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پێوەندییێکی تەلەفۆنیدا چەندین پرس و بابەتی گرینگی نێوان هەردوو وڵاتیان تاوتوێ کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، تامی بروس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاگەیێندراوێکیدا دەڵێت: مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە قسەی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە و باسیان لە هاوبەشیی ستراتیجی نێوان ئەمریکا و عێراق، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و دۆخی سووریا کردووە.

لە ڕاگەیێندراوەکەدا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت: وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانی عێراق ''هەردووکیان هاوڕابوون لەسەر ئەوەی عێراق لە ڕووی وزەوە سەربەخۆ بێت و بەزوویی دەستبکرێتەوە بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆڕی تورکیا – عێراق".

لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەداوە کە پێویستە ڕێز لە مەرجی گرێبەستە نەوتییەکانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان کە لە هەرێمی کوردستان و عێراق کار دەکەن بگیردرێت، ئەمەش بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنانی زیاتری ئەمریکی لە عێراق.

بەپێی ڕاگەیێندراوەکەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق باسیان لە دۆخی سووریا کردووە و ''وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دووپاتی کردووەتەوە کە گرنگە سووریا نەبێتە پەناگەیێکی ئارام بۆ تیرۆر و ببێتە هەڕەشە لەسەر دراوسێکانی".

هەروەها، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا ئاماژەیان بەوەداوە کە پابەند بە درێژەدان بەو گفتوگۆیانە لەبارەی پرسەکانی ناوچەکە و هەروەها بەرەوپێش بردنی هاوبەشی ئەمنیی نێوان عێراق و ئەمریکا.

News Code 224943

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha