هاوئاهەنگی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان دەبێتە هۆی سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە

ئێواره‌ی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌ندییێكی ته‌له‌فۆنی له‌ مارکۆ ڕوبیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكاوه‌ پێگه‌یشت و پرسی گرێبەستی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لەگەڵ حکوومەتی هەرێم تەوەری سەرەکیی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە بوو.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی ناوەڕۆکی گفتوگۆی بارزانی و ڕوبیۆ ڕایگەیاندووە: له‌ په‌یوه‌ندییه‌كه‌دا هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندیی ستراتیژیی ئه‌مریكا و هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها باسیان له‌ هاریكاریی بواری ئابووری و وزه‌ و گرنگیی به‌رده‌وامبوونی هه‌ماهه‌نگیی نێوانیان كرد بۆ پشتگیریی سه‌قامگیری و ئارامی له‌ عێراق، سووریا و ناوچه‌كه‌ به‌گشتی.

سەرۆکایەتی هەرێم دەشڵێت: "وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا سوپاسی نێچیرڤان بارزانی كرد بۆ ڕۆڵ و هه‌وڵه‌كانی له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان حكوومه‌تی عێراقی فیدراڵ و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕێگه‌ی لێكگه‌یشتن و گفتوگۆی بنیاتنه‌رانه‌وه‌".

هەروەها ڕوبیۆ جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ پشتگیریی ئه‌مریكا بۆ هه‌رێمی كوردستان، به‌ بنه‌مایێكی سه‌ره‌كیی په‌یوه‌ندیی ستراتیژیی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ عێراقدا ده‌مێنێته‌وه‌، له‌ به‌رامبه‌ردا نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی بۆ پشتگیریی ئه‌مریكا له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان دووپات كرده‌وه‌.

لایخۆیەوە مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەوە لە ئێکس رایگەیاند: "پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی بەرهەمدارم لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی هەبوو".

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتیشی: "هاوئاهەنگیی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستانی عێراق دەبێتە هۆکاری سەقامگیری لە عێراق و ناوچەکەش بەگشتی. هاوبەشی گرنگ لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئەمریکا سوود بە گەلانی عێراق و ئەمریکاش دەگەیێنێت".

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش باسی لەوە کرد، مارکۆ روبیۆ و نێچیرڤان بارزانی، ''باسیان لە هاوئاهەنگیی بەردەوام و گرنگیی نێوانیان بۆ بەرەوپێشبردنی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی عێراق، سووریا و ناوچەکەش بەگشتی کردووە".

وەزارەتەکە دەشڵێت: "وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەستخۆشی لە هاوبەشیی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا ئەمریکییەکان و هەوڵەکانیان کردووە بۆ سوود بینین لە سەرچاوە نێوخۆییەکان تاوەکوو عێراق ببێتە خاوەن وزەیێکی سەربەخۆ".

بەپێیی ڕاگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، مارکۆ رۆبیۆ لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان: ''جەختی لەوەکردووەتەوە پشتیوانیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان وەکوو بەشێکی سەرەکیی پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ عێراق دەمێنێتەوە.''

News Code 225511

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha