سەدان کەس لەسەر ھەڵوێستی جیاواز و وتنی ڕاستیەکان ئاوارە و شاربەدەر کراون

ئەدهەم بارزانی کەسایەتی سیاسیی کورد بەبۆنەی سێیەم ساڵڕۆژی ڕێگری کردن لێی بۆ گەڕانەوە بۆ زێدی خۆی و هەروەها ڕۆژی جەژنی قوربانەوە پەیامێکی بڵاو کردەوە.

بەناوی خوای گەورەو میهرەبان..

ئازیزان و خۆشەویستان، سڵاوی خوای گەورەتان لێبێت.

دەمەوێت سەرەتا بەبۆنەی هاتنی جەژنی پیرۆزی قوربان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی سەرجەم موسوڵمانانی کوردستان و عێراق و جیهان بکەم، وە داوای لێبوردن لە گشت دۆستان و ھەڤاڵان و خانەوادە و خۆشەویستانم بکەم، کە دوێنێ ٥-٦-٢٠٢٥ سێیەمین ساڵڕۆژی دەرکردنی من بوو لە زێدی خۆم و ئەمڕۆ ٦-٦-٢٠٢٥ کە یەکەم رۆژی جەژنیە، دورخستنەوەی من لە ئێوەو خاک و وڵات پێ دەنێتە ساڵی چوارەمەوە ماوەی سێ ساڵی تەواو لێتان دورم و نەمتوانیوە لەگەڵ ئێوەدا جەژنەکان بەڕێبکەین".

لای هەموان ئاشکرایە بەهۆی هەڵوێستەکانم لە ماوەی ڕابردودا لەسەر داگیرکارییەکانی خاکی هەرێمی کوردستان و چەند پرسێکی تر ڕوبەڕوی ئاستەنگی زۆر و ئاوارەیی بوومە و لە دادگایە شکلیەکانی دەسەڵات لەو زۆنە سەرەڕای دەرکردنیشم بە تاوانبار لە قەلەم درام و نامەی دەسگیرکردنم بۆ بازگەکانی سنوری خۆیان و بە داخەوە چۆن پێیان کرا ھەر خۆیان دەزانن لە سنوری دەوڵەتی عێراقیش گشتاندنی بۆ کرا و نەئەبوو دادگا و حکومەتی بەغدا توشی ئەم ھەڵەیە ببن و پشتیوانی ئەم زۆڵمە کەسییە وحیزبیە بکەن، جەژنی ئەم ساڵ هاوکاتە لەگەڵ ئاوارە بوون و ڕێگریکردنی من لە گەڕانەوە بۆ زێدی خۆم، هەرچەندە لە هەر جێگایەک بم سلێمانی ئازاد بێت یاخود ڕۆژهەڵاتی سەربەرز بۆ من هەر بارزانە، بەهۆی دڵنەوای و دڵسۆزی ڕێزگرتنی خەڵکەکەی هەرگیز و ھەرگیز هەستم بە ئاوارەی نەکردووە بێجگە لە دووری ئازیزان".

لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا ئەم دۆخەی بەسەر ئێمەدا هاتووە بەردەوام بووەو بە سەدان کەسی دیکە لەسەر ڕاو و ھەڵوێستی جیاواز و وتنی ڕاستیەکان ئاوارەو شاربەدەر کراون، چونکە دەسەڵاتی ئەو سنوورە بەرگەی ڕاوبۆچوونی جیاواز ناگرێت، دەیەوێت هەمووان دەستەمۆی خۆی بن، کە بەڕاستی ئەمەش زەنگێکی زۆر مەترسیدارە بەنیسبەت ئازادی و دیموکراسی میللەتەکەمانەوە".

پێم باش بوو ئەوانەی ڕێگری لە گەڕانەوەی من دەکەن یەکێک لەو بابەتانەی کە کردوویانە بە بیانوو بۆ ڕێگریەکانیان بەرامبەر بە من، بۆ  ڕای گشتی کوردستان و عێراق بڵاوبکەنەوە و بڵێن ئێمە بەم هۆکارە ڕێگری لە گەڕانەوەی ئەدهەم بارزانی دەکەین،

بەڵام جگە لەو سێ بەیانەی  بڵاومکردووە و چەند جار ئاماژەی پێکراوە ھیچ ھۆکارێکی تر نیەو لە لای هەموان ئاشکرایە".

دەمەوێ ئەوەش بڵێم؛ بەداخەوە تاکوو ئێستا باشوری کوردستان لە دەست ئەم جۆرە بیرکردنەوانە دەناڵێنێت و سەدان کەس بەهۆی بیرو بۆچوونی جیاوازەوە ئاوارەی شارەکانی دیکە و دەرەوەی وڵات بوون و بێجگە لەوانەی کە چارەنوسیان نادیارە".

ئومێدەوارم ئەم جەژنە پیرۆزە ببێتە هۆکارێک کە چیدیکە هاوڵاتیانی کوردستان لەدەست جیاوازییەکان نەناڵێنن و بە ھۆی ھەندێک ھەڵوێست ئەم میللەتە برسی نەکرێت و ئەم سیاسەتە چەقبەستوەی ۳۳ ساڵی ڕابردوو چیتر پەیڕەو نەکرێت".

هەروەها داوا لە سەرۆکایەتی دادگای باڵای عێراق و دادگای فیدڕاڵی عێراق و حکومەتی عێراق و سەفارەت و کونسوڵیەتیەکانی وڵاتان و ھێزە کاریگەرەکانی کوردستان و تەواوی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و نوسەران دەکەم، کە چیتر لە بەرامبەر ئەم بارودۆخە بێ دەنگ نەبن تا سەر فیرازی و کەرامەت بۆ تاکی کوردستانی عێراق بگەڕێتەوە".

دوبارە جەژنتان پیرۆز بێت و هیوای ئاسودەی و بەختەوەری بۆ هەموو لایەک دەخوازم".

براتان

ئەدهەم عوسمان شێخ ئەحمەد بارزانی

شایانی باسە بڕیار وابوو شەوی ڕابردوو ئەم پەیامە بڵاوبێتەوە، بەڵام بەهۆی کۆچی دوایی (عبدالسمیع شێخ عوسمان شێخ ئەحمەد بارزانی) برای ئەدهەم بارزانی پەیامەکە ئەمشەو بڵاوکرایەوە.

News Code 225551

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha